راگەیاندراوێك لە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستانەوە
لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە لەسەر داوای دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ساز كرا.
كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر رەشنووسی “میساقی شەرەف” لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەستەی دەستپاكی كە بە هاوكاری شارەزایانی (undp) ئامادە كراوە. دوای گفتوگۆكردن بڕیار درا كە حیزبەكان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، تێبینی و رای خۆیان لەبارەی میساقەكە بگەیەننەوە دەستەی دەسپاكی و تا ئامادەبێت بۆ پەسەندكردن.
گرنگی بڕگەكانی میساقەكە، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بە پڕەنسیپی سەروەری یاسا و بنەماكانی حكومڕانی تەندروست و دەستپاكی و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پیادەكردنی شەفافییەت لە كاروباری ناوخۆی لایەنەكاندا و رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
دەستەکە بۆ رای گشتی روون کردووەتەوە كە لە داهاتوودا هەر حیزبێكی سیاسی واژوو لەسەر میساقی پەسەندكراو بكات، ناوەكەی بڵاو دەكەنەوە.