پۆلیسی هەولێر 12 تۆمەتباری دەستگیردەکات دەست بەسەر هەزاران پێداویستی و ئۆتۆمبێلی سەربازیدا دەگرێت

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێكدا توانیوییانە 12 كەس بگرن لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی چەندان پارچە چەك و شەش هەزار فیشەكی جۆراوجۆر و چەندین كەلوپەلی تری سەربازی و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسدا ئاماژە دراوە، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگەدار کراینەوە کە لە شوێنێکی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە دەکرێت، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

پۆلیس روونی كردووەتەوە، پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو شوێنە، دوای وەرگرتنی بڕیاری  دادوەری لێکۆڵینەوە، ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ سەر ئەو شوێنە ئەنجامدا و توانیمان دەست بەسەر چەندین جۆر پارچە چەکدا بگرین، لەوانە یەك قەناس، 18 دەمانچە، نۆ کلاشینکۆف، 174 مەخزەنی چەک، زیاتر لە  شەش هەزار فیشەکی جۆراوجۆر و چەندین کەلوپەلی سەربازیی تر و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گرت.
لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئەو كەلوپەلانە، پۆلیس ئاشكرای كردووە كە هەروەها 12 تۆمەتبارمان گرت، کە مامەڵەیان بە چەکی نایاساییەوە دەکرد، بۆیە بەپێی ماددە 15ی چەک، دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا دڵنیایی دراوە و دووپات كراوەتەوە كە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دووپات دەکەینەوە، لە هەر شوێنێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێکەوە بکرێت، دەستبەجێ دەست بەسەر چەکەکاندا دەگرین و ئەو کەسانەش دەگرین کە مامەڵە بە چەکی نایاساییەوە دەکەن، ئەمەش لە پێناو جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی چەک و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان.

لەبەرامبەر پێدانی زانیاریش پۆلیس نووسیویەتی، سوپاس و پێزانینی خۆشمان ئاڕاستەی هاووڵاتییانی شاری هەولێری خۆشەویست دەکەین، کە بەردەوام لەگەڵمانن بۆ پێدانی زانیاری و خۆشبەختانە لە ئێستادا هاوئاهەنگییەكی باش لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و هاووڵاتیاندا هەیە.

Back to top button