بە چاودێریی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکومی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر، رێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە “خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان” بەڕێوە دەچێت.

خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕ‌اهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە، ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.

هەر لە رێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و “قەتەر فاوەندەیشن” بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.

Back to top button