وەڵامێک لە وتەبێژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ حمەسوور دووشیوانی

کەسێک بەناوی (حمەسور دووشیوانی)، چەند تۆمەتێکی ناڕەوا و بێ بنەمای ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە سەبارەت بەدانانەوەی پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای کەرکووک، لێرەدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، تەواوی قسە و چەواشەکارییەکانی ئەو کەسە دوورن، لە راستییەوە و ئەسڵ و ئەساس و بنەمایان نییە.

هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک زۆر روون و ئاشکرایە، هەر لەسەرەتاوە پارتیمان لەگەڵ دانانی پارێزگایەکی کوردپەروەر و شیاو قبوڵکراو بووە لەلای هەموو پێکـهاتەکانی شاری کەرکووک، کە ئامانجی خزمەتکردن و نەهێشتنی جیاوازی و سڕینەوەی ئەو سیاسەتە نادروستانە بێت، کە دەرهەق بەپێکهاتەی کورد لەپارێزگاکە کراوە.

پارتیمان دژی هەموو ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانەیە کە هەندێ لایەن و کەس بڵاوی دەکەنەوە، گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵیداوە بۆ دانانەوەی پارێزگاری سەپێنراوی ئێستا، بۆ جارێکی تر بە پارێزگاری کەرکووک، کە هیچ بنەمای نییە.

وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەتوندی ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانە لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، رەتدەکەینەوە، چونکە هەر ئەو لایەن و کەسانەی کە بوونە هۆی شێواندنی دۆخی شاری کەرکووک و شارەکەیان تووشی داگیرکاری و ناسەقامگیری کرد، ئێستا بە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەرهەق بە کەرکووکییەکان دەیانەوێت رووی ناشرینی خۆیان سپی بکەنەوە، بەڵام راستییەکان دیارن و گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی شاری کەرکووک شاهێدی تێگەیشتن و سیاسەتی روونی پارتیمانن.

بۆیە دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز و خۆراگری شاری کەرکووک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی خۆی بۆ ئایندەی کەرکووک، تاگەیشتن بەدوا ئامانجەکانی گەلەکەمان و خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێستی ئەو شارە.

مەهدی کاکەیی
ووتەبێژی فەرمی
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
2024/7/13

Back to top button