رۆژنامەی (ئەلعەرەب): یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا پەراوێز خراون
رۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە راپۆرتێکدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە دەکات و ئاماژە بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی دەكات بۆ بەغدا، كە بەشێوەیەك بووە، هەموو لایەنەكان هەوڵی نزیكبوونەوەیان داوە. هاوكات باسی لەوەش كردووە، یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی بەو هۆیەوە لە بەغدا هەستیان بە پەراوێزخستن کردووە.
رۆژنامەكە ئاشکرای كردووە، لەو كاتەی سەرۆك بارزانی لە بەغدا بووە، بافڵ تاڵەبانی چووەتە بەغدا، بەڵام بە شێوەیەك پەڕاوێزخراوە، نەیتوانیوە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بكات، لە كاتێكدا یەكێتی بەشدارە لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق، لە چوارچێوەی ئەو حیزبانەی لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا بەشدارن.
رۆژنامەكە روونیشیکردووەتەوە، پارتی دیموكراتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە کار بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەكی سیاسی دروست دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لەگەڵ دیارترین پارت و هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق لەلایەك، رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لەلایەكی دیكەوە، ئەوەش نیگەرانی بۆ یەکێتی دروست كردووە و پێیوایە، ئەو پەیوەندییانەی پارتی پێگەی ئەوانی دابەزاندووە و بە پێچەوانەی بەرژوەندییەكانیانە.
رۆژنامەكە جەختیشیکردووەتەوە: ”یەكێتی بەتەواوی هەست بە پەراوێزخستنی خۆی دەكات، هاوكات توركیاش بەردەوامە لە پشتكردن لە یەكێتی بەو تۆمەتەی كە لە سلێمانی باوەشی بۆ چەكدارانی پەكەكە كردووەتەوە و ئاسانكارییان بۆ دەكات. هەروەها گۆڕانی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پەكەكە، كە چەند مانگێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق وەڵامی داواکاری تورکیای داوەتەوە و پەكەكەی وەکو ”رێکخراوێکی تیرۆریستی“ پۆلێن كردووە.
رۆژنامەكە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بە وەرچەرخانێکی نوێ، بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و زۆرینەی هێز و لایەنە عەرەبە شیعییەکانی عێراقی لێك داوەتەوە.
ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە كردووە لەكاتێكدا كە سەرۆك بارزانی لە بەغدا بووە بۆ دیدار و كۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەركردەی هێزە سیاسییەكان، كە سەردانێكی زۆر گەرموگوڕ و ناوازە بووە، لە هەمان كاتدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیش بەسەردانێك لە بەغدا بووە كە گرنگی پێنەدراوە و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كەم و سنوورداری سەركردەی هێزە عەرەبە شیعەكان هەبووە، دیارترینیان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، سەرۆكی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بووە.
هاوکات سەرچاوە عێراقییەکان باسیان لە دوورخستنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە کارنامەی كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا كردووە، هەرچەندە یەكێتی بەشێکە لەو هاوپەیمانییە، کە ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت بافڵ و یەکێتی سەنگێکی وایان لەبەغدا نەماوە.