مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیانی پارتی لەسەر تەقینەوەکەی ئەمڕۆی کەلار هاتە دەنگ
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیانی پارتی لەسەر تەقینەوەکەی ئەمڕۆی کەلار هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامێکدا هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیانی پ.د.ک. رایگەیاند :” سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٥ی٧ی٢٠٢٤ هەڤاڵ (ئەکرەم ساڵح) بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیان، لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ دەوامی فەرمی حزبی، ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنرایەوە و خۆشبەختانە قوربانی گیانی لێنەکەوتەوە.
دەشڵی:” ئێمە بەتووندی ئیدانەی ئەم کردەوە ناڕەوایە دەکەین و هەڤاڵانمان لەهەرشوێنێک بن پشتیوانی و بەرگریان لێدەکەین.
هەروەها داوا لەلایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەکانی دەڤەرەکە دەکات لێکۆڵینەوەی جددی بکەن و بکەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرابکەن، وە ڕادەستی دادگا بکرێن.
لە کۆتایی پەیامەکە هەروەها هاتووە:” ئەم جۆرە کردەوانە دەبنە هۆی درووستکردنی ناسەقامگیری و دڵەڕاوکێ بۆ لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان، وە بەدڵنیایەوە بەرژەوەندی گشتی دەخاتە مەترسیەوە. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنەی ئەم هێرشەدەکەین و لەهەمان کاتدا پشتیوانی هەر هەنگاوێک دەبین بۆبنبڕکردنی کردار و هێرشی لەم جۆرە.