مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی ئەكرەم ساڵح: ڕێگە نادەین تێكدەران بە مەرامەكانیان بگەن

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسی لقی 22ی پارتی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16/7/2024، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە: بەداخەوە ڕۆژى دووشەممە 15/7/2024 هەڤاڵ ئەکرەم ساڵح، بەرپرسى لقى 22ى پارتیمان لە کاتى ڕۆیشتنى بۆ ئەرکى فەرمیی ڕۆژانەى خۆى لە شارى کەلار، دەکرێتە ئامانج و ئۆتۆمبێلەکەى دەتەقێندرێتەوە، خۆشبەختانە زیانى گیانى نەبووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو: ئێمە لەکاتێکدا بە توندى ئیدانەى ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکەین، کە هەڤاڵانى پارتیمان کراونەتە ئامانج، داوامان لە دامودەزگاکانى سنوورەکەیە، لێکۆڵینەوەى جددى لەو کردەوە نامرۆڤانە و تیرۆرستییە بکەن و ئەنجامدەرانى بۆ پارتیمان و ڕاى گشتى و خەڵکى کوردستان ئاشکرا بکەن.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: ئەو جۆرە کارە تێکدەرانە کاریگەریى دەبێت بۆ سەر سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان، بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانى پارتیمان لەلایەن هەر لایەن و گرووپێکەوە بێت قبووڵکراو نییە و ڕێگا نادەین تێکدەران بە مەرامەکانیان بگەن، بۆیە لەپێناو سەقامگیرى و ئاسایشى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکى خۆیان هەڵسن و ئەنجامدەرانى کردەوە تیرۆرستییەکە بدۆزنەوە و ڕووبەڕووى یاسا بکرێنەوە.

Back to top button