ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: پەکەکە ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانی تەقاندۆتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بکەرانی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند : ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.

لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.

ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە.

ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان.

ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

16ی تەممووزی 2024

Back to top button