ڕۆژنامەنووسێكی گەرمیان بۆ سەرانی یەكەی حەفتای یەكێتی: ئەو كاتەی ئێوە خیانەتتان كرد، پێشمەرگەكانی (رۆژ) و (پاك) بەرگرییان دەكرد

رۆژنامەنووسێكی گەرمیان رایدەگەیەنێت، كاتێك یەكەی حەفتا و تەواوی هێزە چەكدارەكانی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بووبوونە كەواسووری بەرلەشكری دوژمن، پێشمەرگەكانی پارتی ئازادیی كوردستان و پێشمەرگەكانی ڕۆژ بەرگرییان لە خاكی كوردستان دەكرد.

شەوی رابردوو یەكەی حەفتای پێشمەرگەی یەكێتی لە راگەیاندراوێكدا و لە چوارچێوەی ئەو پاساوانەی كە یەكێتی بۆ دواخستنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەیهێنێتەوە، بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە كەسانی ناعێراقییان! لە ڕیزەكانیاندا نییە و باسیشیان لەوە كرد كە ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق لێیان وەربگرێت، ئامادەن راستەوخۆ لیستی مووچە بنێرن.

لە لایەن خۆیەوە ئارام ئیكرام، ڕۆژنامەنووسی گەرمیان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناوی (بەیاننامەكەی هێزەكانی یەكێتی) بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند: ”كاتێك یەكەی حەفتا و تەواوی هێزە چەكدارەكانی دیكەی یەكێتی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا بوون بە كەواسووری پێش لەشكری دوژمن و لەبری بەرگری لە خەڵك و خاكی كوردستان، خیانەت و جاشێتییان هەڵبژارد، پێشمەرگەكانی فەرماندە حسێن یەزدان پەنای رۆژهەڵات و پێشمەرگەكانی (رۆژ)ی رۆژئاوا، لە سەنگەری بەرگریكردندا بوون.“

ڕوونیشی كردووەتەوە، كە ئەگەر بە كوردبوون و بەرگریكردن بێت، ئەوە ئەو هێزانە كوردی راستەقینەن، ئەگەریش بە خیانەت و بێگانەپەرستی و خاكفرۆشی بێت، ئەوە ماشەڵا كەس بە یەكێتی ناگات.

لە كۆتاییشدا چەند نموونەیەكی جاشایەتیی یەكێتی بە وێنەوە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی: وێنەكانیش نموونەیەكن لە میدیای خۆفرۆشی ئەوكات، كە ببوون بە گوتەبێژی هێزەكانی دوژمن و كەواسوورەكانی پێش لەشكری داگیركەر.

Back to top button