هەولێر و بەغدا لە بواری باج رێککەوتنیان راگەیاند
حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی چەند خاڵیان لەبارەی باج کرد و راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی هاتووە،” دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبەرەی میری و بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە رێکەوتن.
هەروەها ئەوەش هاتووە، رێکەوتنەکە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگەو کۆمپانیاو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن.
وەزارەتی دارایی گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکەی بڵاو کرووەتەوە کە پێکهاتووە لە:
١- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان ، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەنرخی هاندراو کەماوەیەکە پێدانی سوتەمەنیان بەو کارگانە راگرتووە بەبیانوی نەدانی باج بەحکومەتی فیدراڵی.
٤- رێکەوتن لەسەر یەکخستنی رێکارو رێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردولا لەسەر بانکەکان رێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەرولا رێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج.