پارتی داوای داگرتنی ئاڵای عێراق لەتەواوی كوردستان دەكات
خواكوڕك
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی دا لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە پێشنیار داگرتنی كۆی ئاڵای عێراق دەكات لە كوردستان و دەلێت،من پێشنیار دەکەم مادام ھەموو عەرەب پێکەوە دژی مافی کوردستانن; نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکشێنەوە و ئیتر نەگەڕێنەوە،
عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك لە هەژماری تایبەتی خۆی دا دەنووسێت، ھەموو پەرلەمانتارە عەرەبەکان بە شیعە و سوننەوە بە تێکڕای دەنگ دەستیان ھەڵبڕی بۆ داگرتنی ئالای کوردستان لە سەر دام و دەزگاکانی میری لە شاری کەرکوک; ھەروەھا پێویستە ئەو پەرلەمانەی کوردستان کە (بوو بە قوربانیی عێراقچێتی گۆڕان و ھاوسۆزەکانی)بە تێکڕای دەنگ دەست ھەڵبڕن بۆ قەدەغە کردنی ئاڵای عێراق لە سەر دەزگاکانی میری لە کەرکوک و ھەموو شارەکانی کوردستان.
هەروەها دەشلێت، مادام کار ھاتە سەر زۆرینە و کەمینە و پێوەر راستی و ماف نییە، دەرفەتێکی باشە ئێمە پەتکی ناوکی کوردستان لە زڕ دایکە عەرەبەکەمان ببڕین.