پێشڕەو عەتا سەراوی: بافڵ تاڵەبانی وەڵامی نەبێت چەند رۆژێکی تر، پێش دەباشان دەگرین و قەبوڵی ناکەین مەگەر قەتڵ و عاممان بکەن

پێشڕەو عەتا سەراوی کوڕی عەتا سەراوی کە ئێستا لە زیندانی یەکێتیدایە رایدەگەیێنێت : باوکم لە ئاسایشی سلێمانی بە قسەی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی راگیراوە، وەڵامی نەبێت چەند رۆژێکی تر، پێش دەباشان دەگرین و قەبوڵی ناکەین مەگەر قەتڵ و عاممان بکەن

لە لێدوانێکدا پێشڕەو عەتا سەراوی رایگەیاند : “باوکم لە ئاسایشی سلێمانی بە قسەی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی راگیراوە، پێش پێنج ڕۆژ سەردانم کرد و تەندروستی باشە، بە کاک هیوا و کاک سەرخێڵم گوتووە پێمخۆش نییە هەڕەشە بکەم، بەڵام هەر ڕووداوێک بەسەر عەتا سەراویدابێت ئەوا ئێوە بەرپرسن و بنەماڵەکەمان ئێوە دەناسن”.

دەشڵێ: “داوای بینی کاک بافڵم لە رێگەی بەرپرسی نووسینگەکەیەوە کردووە، تا هۆکاری دەستگیرکردنی باوکم بۆ روون بکاتەوە، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە، ئێمە چەند رۆژێکی دیکە سەبر دەگرین، پێشی دەباشانیان لێ دەگرین مەگەر بنەماڵە و عەشیرەتەکەمان قەتڵوعام بکەن ئەگینا ئەمە قبوڵ ناکەین”.

زیاتر گوتی: باوکم 10 ساڵ کارگێڕی فەرماندەیی گشتیی بوو، 10 ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و پێنج ساڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بوو، هەروەها لە 1998 بە تۆپی رژێمی بەعس قاچێکی لە پێناو حیزبەکە لەدەست دا و زیاتر لە 50 شەهید کە یەک قەبرستانە و لەناویاندا حەمە سەراوی فەرماندەی فەرماندەیی شارەزوویشی تیایە کە لە لایەن ئەنسارول ئیسلام بۆ حیزبەکەی شەهید کرا، یەکێتی کە وەفای بۆ ئەمانە نەبێت، ئیتر عەتا سەراوی چۆن لەم حیزبە نیگەران نەبێت؟.

هەروەها پێشڕەو عەتا سەراوی لە ئاست بێدەنگی بەرپرسانی باڵای یەکێتی بەرامبەر دەستگیرکردنی باوکی، گوتی: “کام بەرپرس؟، 50 کەس لە کۆنگرەی یەکێتی بە قائیمە دامەزراون، بەتایبەت جافەکانی هاوڕێی باوکم مردن و داڕزینیان کە ناوێرن بەرامبەر بەندکردنی باوکم دەنگ هەڵبڕن”.

ناوبراو لە کۆتایی لؽدوانەکەشیدا گوتی : “ من وەک منداڵە لوسکەکانی بەرپرسانی ئێستا لە ئەورووپا نەژیاوم، لە شاخ لەدایکبووم بۆیە لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسم و حساب بۆ کەس ناکەم، چونکە باوکم لە هەمووشت گرنگترە”.

Back to top button