ماڵپەڕێکی بەریتانی: تورکیا داواکاری بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ كۆبوونەوە رەت كردووەتەوە و هەڕەشەیان لێدەکات

ماڵپەڕی (میدڵ ئێس ئای) ئینگلیزی، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی باڵای حکومەتی تورکیا گوشارەکانیان بۆ سەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی زیاتر کردووە و هۆشدارییان پێداوە لە ئەگەری نەگۆڕینی سیاسەتی حیزبەكەی بەرامبەر بە پەکەکە، ئەوا “رەنگە دەرئەنجامی خراپی” لێ بکەوێتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی، گرژیی تێکەوتووە و ئەنقەرە سەرۆكی یەكێتی بە هاوکاریکردنی پەکەکە لە سلێمانی تۆمەتبار کردووە و سەرجەم دامودەزگاکانی ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتی خستووەتە خزمەتی پەکەکە.

هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گرژییانە و تووڕەبوونەی تورکیا وای کرد لە ساڵی رابردووەوە، تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رابگرێت. سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا بەو ماڵپەڕە ئینگلیزییەیان راگەیاندووە کە تورکیا هەڕەشەی “ئۆپەراسیۆنی دژی پەكەكە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لە بافڵ تاڵەبانی کردووە” ئەگەر هەڵوێستەکانی نەگۆڕێت.

مانگی رابردووش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند تا یەکێتی و سەرۆکەکەیان هەڵسوکەوت و سیاسەتیان بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕن، تورکیاش لە بڕیارەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانی سلێمانی پاشگەز نابێتەوە.

لە درێژەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی (میدڵ ئیست ئای) هاتووە کە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای پەکەکە لە سلێمانی بینراون و لەوێ مەشق و راهێنانیان پێ کراوە.

هەروەها ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، هەفتەی رابردو بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە سلێمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە.میدڵ ئیست ئای، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو گوشارانەوە، پێگەی بافڵ لاواز بووە.

ماڵپەڕەکە لەزاری سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتییەوە بڵاوی کردووەتەوە، “ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و وێنەی سیاسی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. ناسەقامگیری زیاتر ناوچەکە دەگرێتەوە و دەبێتە گۆڕەپانێکی یاریکردن بۆ پەکەکە و ئێران.“

سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا بەو ماڵپەڕەیان راگەیاندووە، ناڕاستەوخۆ پەیام بۆ بافڵ و قوباد تاڵەبانی برای نێردراوە و ئەوانیش داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کردووە، بەڵام ئەنقەرە داواکەیانی رەت کردووەتەوە، بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە.

Back to top button