بە فەرمانی مەسرور بارزانی لە بارەی باجەوە چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان درا

بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی چەند جۆرە باجێک راگیرا و بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتیش لە وەزارەتی دارایی چەند زانیارییەک لەمبارەیەوە دەخاتە روو.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەمووزی 2024، کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و دەرامەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە راگرتنی وەرگرتنی %10ی باجی سەر چێشخانە و هۆتێلەکان و باجی سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان.”

هەروەها راشیگەیاند، هەر بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت، %5ی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان هەڵدەگیرێت و باجی سەر زەوی بەتاڵیش راگیرا.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە روونیشی کردەوە کە بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەت جووڵە دەخاتە بازاڕەوە و سەرجەم بڕیارەکانیش لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

دەقی بڕیارەکان:
1- راگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانەو هۆتێلەکان.
2- راگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان.
3- راگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر سەمونخانەو نانەواخانەکان.
4- راگرتنی وەرگرتنی باجی (ضریبة العرصات) واتا (باجی سەر زەویی بەتاڵ و زەویی بینا لەسەر نەكراو)، تاکو یەکلاکردنەوەی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دامودەزگا ئیتیحادییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە.

Back to top button