ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە
لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبارەی کێشەی نێوان هاووڵاتییەک و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش دەڵێ :” راستی رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە داوای لەو هاووڵاتییە کردووە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەدا رایگەیاندووە : “دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەک بە ناوی سەریاس عەونی، کە گوایە لە لایەن ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی کراوەتە سەر، بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، راستیی رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون”.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە: دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان رێکاری پێویستی بەرامبەر ئەو کارمەندە گرتووەتە بەر و دەستبەسەر کراوە. هاوکات، داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی کراوە، کە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتییان و هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە، کە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ کەسێک ناوی دەزگا ئەمنییەکان بۆ مەرامی کەسی بەکار بهێنێت.