حکومەتی هەرێم پرۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی هەولێر راگەیاند
حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی هەولێر رادەگەیێنێت و مانگانە یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگەی کورتەنامە SMSـەوە ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە :” ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بە خۆشحاڵییەوە دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی ڕادەگەیێنێت، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونیدایە، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە:” مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگەی کورتەنامە SMSـەوە ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.
ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان تێبگات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.