کەریم عەلی: ئەو داگیرکارییەی لە سلێمانی روودەدات بۆ بەرژەوەندی گشتی نیە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی کەس و کۆمپانیایە
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت كە سلێمانی هیچی بەسەر هیچەوە نییە، ئیدارەی شارەكە و پارێزگار تەنیا سەیر دەكەن و هیچ دەسەڵاتیێكیان نییە، حیزب باڵادەستی خۆی نیشان دەدات و ئەوەی روودەدات لە بەرژەوەندی گشتیدا نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی كەس و كۆمپانیاكانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تەمووزی 2024، كەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە سلێمانی كەس و كۆمپانیا بە ناوی وەبەرهێنان و شتی جۆراوجۆرەوە دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن كە موڵكی گشتییە، لە گەرمیان كێشەی خزمەتگوزاری و خزمەتكردن هەیە و ئاوەڕی لێ نادرێتەوە، كەچی خۆیان بە ناوی وەبەرهێنانەوە هەر شوێنێك باش بێت دەستی بۆ دەبەن.
راشیگەیاند، لە بەرامبەر ئەوەی بەسەر سلێمانیدا دەهێنرێت، ئیدارەی شارەكە بێدەنگە و قسە ناكا و دەسەڵاتی نییە، ئەو شارە لە سەردەمی ئەمانەدا زۆر شتی بەسەر هاتووە و ئەوەی ئێستا دەكرێت پێشتر نەكراوە.
کەریم عەلی گوتیشی، “ئیدارەی شارەكە لە بەیاساییكردن و بەكارهێنانی یاسای وەبەرهێنان و شتی تر بەرامبەر زەوی و موڵكی گشتی لە شارەكە بێدەنگە، هەرچی شتێك باش بێت بۆ خۆیانی دەكەن و دەیكەن بە پڕۆژە، ئەگەر بابەتێكیش لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت زەوی نییە یان دەینێرنە دەرەوەی شارەكان.”
ئاماژەی بەوەش دا، “لە گەرمیان چەندین ساڵە نەتوانراوە نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی تەواوی بكەن، گوندەكان بێ خزمەتن، دووسایدی رزگاری تەواو نەكراوە، قوتابخانە هەیە 10 ساڵە تەواو نەبووە، چونكە ئەوانە بۆ سوود و بەرژەوەندی گشتین دەستیان بۆ نابەن، بەڵام وەكو تر بۆ خۆیان ئاوان”.