راگەیاندراوێک لە لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
ئەمڕۆ شەممە لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی رووداوی تەقە کردنەکەی شەوی رابردوو بڵاو کردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
“بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 1 و 50 دەقیقە، لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا بارەگای لقی 3ی پارتیمان کرایە ئامانج، بەڵام ئاگایی و هۆشیاری پاسەوانەکانی بارەگای لق ئەم هەوڵەی پووچەڵ کردەوە.
دیارە مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی بارەگای لقمان بووە، یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و مەبەستەکەش ئەوە بووە دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و بەڵام پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە”.
رووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت، لقی سێی پارتیمان، لەسەر سیاسەتی خۆی کە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانە بەردەوامە، هەموو جۆرە هەوڵێکی لەم شێوەیەش جگە لە شکستخواردنی نەیاران و پووچەڵ بوونەوەی پیلانەکانیان، هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.”
لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان
27ی 7ی 2024