راگەیاندراوێک لە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە هەوڵێکی ترسنۆکانەدا، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کرا، کە دیارە ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە.
بە دیاریکراوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە”.
ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیر*ۆریستی بکەن، رووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت.
بۆیە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نەزۆکانە و ترسنۆکانەیە دەکەین، ئەگەر لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و راپێچی دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
بۆیە دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز و خۆراگری شاری کەرکووک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی خۆی بۆ ئایندەی کەرکووک کە ئاشتی و تەبایی و سەقامگیرییە، تاگەیشتن بەدوا ئامانجەکانی گەلەکەمان و خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێستی ئەو شارە، ئەم جۆرە هەوڵانە لە خزمەتکردنی شاری کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەی ساردمان ناکاتەوە.
دەستخۆشی پێزانینی زۆرمان بۆ پاسەوانەکانی بارەگای لق، کە بەو پەڕی چاوکراوەیی و بوێرییەوە، بەرپەرچی ئەم هەوڵە شکستخواردووەیان دایەوە، سوپاس بۆ خوا هەڤاڵانمان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
27ی 7ی 2024