دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی كوژرانی دوو گەنجەكەی سلێمانی لەلایەن چەكدارانی كۆماندۆی یەكێتییەوە هاتە دەنگ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی لەبارەی كوژرانی دوو گەنجەكەی سلێمانی لەلایەن چەكدارانی هێزی كۆماندۆی یەكێتییەوە بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28/7/2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە: “بەداخەوە ماوەیەکە چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕ و تەقە و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتیان تۆمارکراوە و ڕوویداوە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی جێگەی نیگەرانیی و دڵتەنگی ئێمەیە لە بەشێک لەو حاڵەتانە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشداربوونە و تۆمەتبارن بەحاڵەتەکان کە ئەوە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتییە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و کوشتن و لێدان.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “لە کاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتیەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەڕمی ئەنجام دراون، ئەگەرچی جێی دەستخۆشییە کە تۆمەتباری هەردوو ڕووداوەکە دەستگیر کراون.”

ئەوەش خراوەتە روو: “ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەمانکاتدا نیگەرانی ئەوەشین کە هێشتا چەک بەدەستی هاووڵاتیانە و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێ و بووەتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروستکردنی نا ئارامی لە هەندێ شوێن و ناوچە کە پێویسته حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جددی تر کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە ناشارستانیی و نایاساییانە بکات و بەتەواوی دیاردەی چەکداری کۆنتڕۆڵ بکات و داواکراوانیش بدرێنە دادگا و بۆ هیچ کەسێک نەبێ داڵدەیان بدات.”

روونیش کراوەتەوە: “لە هەمانکاتدا پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نییە چەک بەکاربێنن و نابێ بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان.”

Back to top button