ماوەی 13 رۆژە گروپێکی هاوبەشی دەمامکداری دژەتیرۆری یەکێتی و کۆماندۆی یەکێتی بازرگانێکیان لە سلێمانی رفاندووە

کوردۆ شەهید برایم، کە کورە شەهیدێکی یەکێتییە و بازرگانێکی شاری سلێمانییە، ماوەی چەند رۆژێک دەبێت لەلایەن گروپێکی هاوبەشی دەمامکداری دژەتیرۆری یەکێتی و کۆماندۆی یەکێتی رفێنردراوە و بێ سەروشوێنە.

کوردۆ شەهید برایم ئاغا بە دیاریکراوی شەوی 15ـی7 لە باخەکەی خۆی بووە لەگەڵ کوڕەکەی کە پۆلی 12ـی ئامادەییە، لە ناکاو گرووپێکی هاوبەشی دەمامکداری دژەتیرۆری یەکێتی و کۆماندۆی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەریان و کوڕ و باوک دەڕفێنن، لە هەمان کاتیشدا ئەو هێزە باخەکەی کوردۆ دەشێونن و ناوچەکە تێک دەدەن، دوای ڕفاندنیان کوڕەکەی کوردۆ ئازاد دەکرێت، بەڵام 13 رۆژە کەس سۆراخی باوکی نازانێت و رفێندراوە.

دوای رفاندن و تێکدانی باخەکە، ئەو گرووپە دەمامکدارە هاوبەشە تەواوی تۆماری کامێراکان دەبەن و تۆماری کامێراکانی ئەو رێگایەی بۆ باخەکەش دەچێت پاکی دەکەنەوە و دەیبەن.
دوای رۆژێک لە رفاندنییان، دژەتیرۆر کوڕەکەی کوردۆ ئازاد دەکات و تاوەکو ئەم ساتەش کوردۆ دیار نییە و هیچ زانیارییەک لەسەر مان و نەمانی بە بنەماڵەکەی نەدراوە، کوڕەکەشی دوای ئازادبوونی گوتوویەتی؛ “دوای ئەوەی ئێمەیان برد، هەر ئەوکاتە ئێمە جیاکراینەوە و من باوکم نەدیت”.

لە زاری نزیکەکانی و کوردۆ برایم رایدەگەیەنن، کوردۆ هیچ کێشەیەکی نەبووە، کاری خۆی دەکرد و تەنها سەرنجی لەسەر ژیانی خۆی بووە، بەڵام پێشتر هاوڕێیەتی لەگەڵ ئارس جەنگی و لاهور جەنگی هەبووە.

هۆکارێکی دیکە دەستیگیرکردنی کوردۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕە پارەیەکی زۆری بە هەکار باڵەکی، ئەفسەر لە دژەتیرۆری یەکێتی داوە و دوای ئەوەی داوای پارەکەی کردووتەوە، رفێنرا بێت.

بەپێی ئەو زانیاری، کوردۆ بۆیە پارەی بە قەرز داوە بەم ئەفسەرەی دژە تیرۆر چونکە هەردووکیان خەڵکی هەمان ناوچەن و خەڵکی باڵەکایەتین، هۆکاری بێدەنگی میدیاکان و بێدەنگی دەزگای زانیاری و لایەنی ئەمنییەکانی سلێمانی لەسەر رفاندنی کوردۆ، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی هەکاری کە فەرمانی رفاندنی داوە، بەجۆرێک فەرمانەکەی کردووە کەوا کوردۆ کەسێکی نزیکی ئاراس جەنگی و لاهور جەنگییە، نەوەک خۆی قەرزداری بێت، بۆیە میدیاکان و لایەنی پەیوەندییدار بێدەنگن.

Back to top button