هێزێكی ده‌مامكدار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كوڕی ئەفسەرێكی پۆلیس ده‌ڕفێنن

سەرچاوەیەکی تایبەت بە دەزگای میدیایی “خواکوڕک”ی راگەیاند، هێزێكی ده‌مامكدار، كوڕی كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان بە ناوی (س.ح.س) كه ‌له ‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ نیشته‌جێیه،‌ دەڕفێنێت و راسته‌وخۆ ده‌یبات بۆ‌ شاری سلێمانی. بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كوڕە رفێندراوەش‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی یەكێتی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه،‌ هۆشداریش دەدەن كه‌ هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

ئەو سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگەیاند: ”چەند رۆژێك لەمەوبەر، هێزێكی ده‌مامكدار له ‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵیانكوتاوەتە سه‌ر ماڵی كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان كه‌ خۆیشی ئه‌فسه‌ره له‌ پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ له ‌به‌شی لێكۆڵینه‌وه، بەڵام لەو هەڵكوتانەدا كوڕی ئەو كەسایەتیەیان رفاندووە و به‌ره‌و شاری سلێمانی بردوویانە، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه‌ هه‌ڵوێستیان ده‌بێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن بەڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی شاره‌زوور و پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ بنه‌ماڵه‌كه ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه‌ ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هێزه‌یان نییه،‌ كه‌ كوڕه‌كه‌یانی رفاندووه‌.“

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ی كوڕە رفێنراوەكە‌ ئاشکرایکردووە “مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی كوڕەكه‌مان هه‌یه، ئەو كوڕەمان‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه و‌ ئێستا چاره‌نووسی نازانین و رێگاش ناده‌ن بیبنین.”

شیاوی باسە تا ئێستا گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجەش‌ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌وباره‌یەوه‌ نه‌داوه، گەرچی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان، كه‌ كوڕەكەی رفێندراوە، كارمه‌ندی پۆلیسه و ئەو رۆژەی هێزە دەمامكدارەكە چوونەتە سەر ماڵەكە و كوڕەكەیان بردووە، باوكە پۆلیسە چاوكزەكەی زۆر هەوڵی داوە نەیبەن، بەڵام هێزەكە بە لێدانی توند وەڵامی ئەو پۆلیسەیان داوەتەوە‌.

Back to top button