پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕان بۆ بافڵ تاڵەبانی: رۆژێك دێت هێزی كۆماندۆ لێت هەڵدەگەڕێنەوە
پەرلەمانتارێكی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشداری لەبارەی تاوانەكانی هێزە ئەمنییەكانی حیزبەكەیەوە بە بافڵ تاڵەبانی دەدات، و رایدەگەیەنێت كە رۆژێك دێت ئەو هێزانە لێی هەڵدەگەڕێنەوە و لە دژی بەكار دەهێندرێن.
دوای ئەوەی لەماوەی ئەم هەفتەیەدا سەرەتای ئەم هەفتەیە، كارمەندانی هێزی كۆماندۆی یەكێتی، دوو گەنجیان کوشت و چەند تاوانێکی دیکەشیان ئەنجامدا و تەعدایان لە خەڵکی سلێمانی کرد، لە ئێستادا نیگەرانییەكی بەرفراوانی خەڵكی لێ کەوتووەتەوە. بەم هۆیەوە خەڵكێكی زۆر ناڕەزاییان دژی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و دەسەڵاتدارانی دیكەی یەكێتی دەربڕی.
لەو چوارچێوەیەشدا محەمەد كیانی، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاویكردەوە: ”لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا شەقاوە و سەرسەری و چەقۆكێش سلێمانی بەڕێوە دەبات. ئایا ئەوانەن دژەتیرۆر و پارێزەری وڵات؟ وڵات بە كەسانی بەئەخلاق و پابەند دەپارێزرێت.“
هەروەها پەیامێكیشی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی كردووە و پێی دەڵێت ”تۆ تاوانباری“ و جەخت دەكاتەوە: ”شەلاتییەكانی هێزەكانت، كۆماندۆ و دژەتیرۆر، زۆربەیان پێكهاتوون لەو كەسانەی كە نەخۆشی دەروونیان هەیە، زۆربەیان (personality disorder)یان هەیە و توندوتیژ و بێ مۆڕاڵن. بۆیە چەكیان هەڵگرتووە تا بتوانن بێ یاسایی بكەن. سایكۆپات و سۆسیۆپات قەت نابنە هاووڵاتی تەندورست. ئەمە دەزانی یان پێیان موعجیبی؟“
پەندێکی عەرەبیشی وەک نموونەی لێكچوونی بافڵ تاڵەبانی و هێزەكانی هێناوەتەوە و نووسیویەتی: ”مەسەلەیەكی عەرەبی هەیە دەڵێ (الطیور علی أشكالها تقع).“
داواشی لێ دەكات، ”ئەگەر هیچ هەستی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیت هەیە، ئەم هێزە كۆماندۆیەت بە دژەتیرۆرەوە دەبێ هەڵوەشێنیەوە و بیاننێریتەوە ماڵەوە و سەرلەنوێ لە كەسانی بە ئەخلاق دورستیان بكەیتەوە.“
کیانی هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی دەدات و جەخت دەكاتەوە: ”هەر ئەو هێزە بوو لە ئامۆزاكەت هەڵگەڕانەوە، ئەوەی دروستی كردبوون و سەركردایەتی دەكردن، رۆژێك دێت تۆش بكەویتە تەنگانە و لێت هەڵدەگەڕێنەوە و دژت بەكار دەهێنرێن. بۆیە نابێ لە پۆلیس زیاتر هیچ هێزێك رێگەپێدراو بێت دەست لە پرسی ئاسایشی ناوشار و هاووڵاتیان وەربدات.“