41 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ31ى تهمموز، 41 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بارزانییەکاندا تێپەڕ دەبێت، تاوانێکى دیکە له تۆمارى کۆمەڵکوژييهكانى رژێمی بەعسى فاشيست دژ بە گەلی کورد بهمهبهستى قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی كورد، كه تيايدا 8 هەزار بارزانی ئهنفال كران.
ئەنفالی بارزانییەکان سهرهتا بە راگواستنی بارزانییەکان دەستی پێکرد، لهم پرۆسه بهرنامه بۆ داڕێژراوهدا بارزانییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق راگوێزران، گوندەكانیان وێران کرا، رهز و باخ و زەوییە بەپیت و چێندراوەكانيان سوتێندرا، ژینگەى ناوچهكهيان تێکدرا و مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان تاڵان کرا.
لە ساڵى 1975 بەر لە هەڵمەتی ئەنفالکردنیان، بارزانییەکان بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون، دواتر لە ساڵی 1980 هێنرانهوه بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە و لە هەردوو کۆمەڵگەی “قودس و قادسیە” نیشتەجێ كران، بەر لەمەش لە ساڵی 1978 هەندێکی دیکەیان ئەوانەی لە شوێنی رەسەنی خۆیان مابوون راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا، هەریر، بەحركە و گۆڕەتوو).
بارزانییەكان لەو ئۆردوگایانە لەژێر چاودێريى توندی سەربازیدا كۆكرابوونەوە، بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە مرۆڤەی کە بە بۆچوونی بەعس پێویست بوو لە ناو ببرێن كە بارزانیيەكان بوون، دەستنیشان كران.
لە كۆتایی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی ساڵى 1983، دەستكرا بە گرتنی پیاوان و کوڕانی بارزانییەکان، ئەوانەی پێشتر لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێ کرابوون، بارزانیيەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەنا كران.
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای ئابی ساڵی 1983، هێزێكی گەورە و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی کە لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی حەرەس جمهوریی بە شێوەیەكی زۆر نهێنی هەستان بە گەمارۆدانی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملێیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون دواتر دەستگیركردنیان بە سێ قۆناغ.
قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.
قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.
قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.
ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە 84 لە ڕێكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە “كە لە بەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی “د.فازل براك” هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوری، كۆمەڵگەكانی “قودس و، قادسیە لە قوشتەپە” كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە سەیارەی گەورەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.