ده‌وڵه‌تان شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنن و شه‌ڕیش ده‌وڵه‌تی تازه دروست ده‌كات
فەرهاد محەمەد
ئه‌گه‌ر هه‌ردوو رێكخراوی (قاعیده و داعش) تیرۆر و كاری تیرۆریستی له‌بازنه‌یه‌كدا پێكه‌وه كۆیان بكاته‌وه، ئه‌وا ئامانج و ستراتیژیه‌تی هه‌ریه‌كه‌یان له دووبازنهی سه‌ربه‌خۆدا له‌یه‌كتریان جیاده‌كاته‌وه.
دیاره ئامانج و ستراتیژیه‌تی رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی و به‌رگرتن به هه‌ژموونی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا داڕێژدراوه، بۆیه كاره تیرۆریستییه‌كانی ئه‌لقاعیده هه‌ر هه‌مووی بۆ رۆژئاوا ئاراسته ده‌كران و، دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له 2001 رژیمی تاڵیبانی له ئه‌فغانستان رووخاند، به‌ڵگه و دیكۆمێنتی زۆر له‌سه‌ر بازگه‌كانی قاعیده ده‌ست هاوپه‌یمانان كه‌توون كه هه‌موویان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئامانج و ستراتیژیه‌تی ئه‌لقاعیده شكاندنی شكۆ و هه‌ژموونی ئهمریكاو رۆژئاوا بووه‌و مه‌شق و راهێنانیان له‌سه‌ر ئه‌و ئامانجانه به تیرۆریستانی خۆیان كردووه كه خۆیان له‌و شوێنانه بته‌قێننه‌وه كه رۆژئاوا وه‌ك سیمبولی خۆی سه‌یری ده‌كات، بۆ نموونه وه‌ك (هه‌ردوو تاوه‌ری رێكخراوی بازرگانی جیهانی له ئه‌مریكا، كاتژمێری بیگ بن له به‌ریتانیا، تاوه‌ری ئیڤل له فه‌ره‌نسا و… هتد).
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، راشكاوانه هه‌ست به‌و راستییه ده‌كه‌ین، كه رێكخراوی قاعیده و لقه‌كه‌ی له عێراق هه‌تا كۆتایی ساڵی 2011 كه ئه‌مریكا هێزه‌كانی له عێراق كشانده‌وه، رێكخراوی قاعیده‌ی لقی عێراق هه‌ر به‌شێك بووه له ئه‌لقاعیده‌ی ئه‌فغانستان، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی له كۆتایی 2011 ئه‌مریكا هیزه‌كانی له عێراق كشانده‌وه، حوكمڕانیی عێراق ته‌سلیمی نوری مالیكی كرا‌و ئه‌ویش ئاراسته‌ی حوكمڕانیی ده‌وڵه‌تی گۆڕی بۆ حوكمڕانییه‌كی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه، له هه‌مانكاتدا راپه‌ڕینه‌كانی گه‌لانی سووریاش ده‌ستی پێكردو رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیش زۆر به توندی هه‌وڵیدا ئه‌و خه‌ڵكه سه‌ركوت بكات كه به‌شی زۆریان عه‌ره‌بی سوننه بوون، ئه‌وا عه‌ره‌بی سوننه‌ی سووریا و عێراق راسته‌وخۆ كه‌وتنه به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و سه‌ركوتكردنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دی شیعه‌ی عه‌له‌وی له دیمه‌شق و رژێمی نوری مالیكی شیعه له‌به‌غدا.
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق دروستی كرد، دوژمنی سه‌ره‌كیی رێكخراوی قاعیده‌ی لقی عێراقی له ئه‌مریكا و رۆژئاوا گۆڕی بۆ هه‌ردوو رژێمی شیعه‌ی عه‌له‌وی به‌شار ئه‌سه‌د له دیمه‌شق و رژیمی نوری مالیكی شیعه‌گه‌را له‌به‌غدا. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م وهرچهرخانهشدا رێكخراوی قاعیده‌ی لقی عێراق، سوودی له‌م بارودۆخه وه‌رگرت و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رگریكردن له سه‌ركوتكاری شیعه دژی سوننه، خۆی له رێكخراوی سه‌ره‌كیی قاعیده جیاكرده‌وه‌و له جێگه‌ی ئه‌ودا له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014 رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق و شام (داعش)ی راگهیاندو هه‌ر هه‌مان ساڵیش له‌مانگی حوزه‌یراندا پاش ئه‌وه‌ی موسڵ كه‌وته ده‌ستی داعش خه‌لافه‌تی ئیسلامی له عێراق و سووریا راگه‌یاند.
كه‌واته ئه‌م باكگراوه‌نده ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر له بنه‌چه‌دا (قاعیده و داعش) هه‌ردووكیان یه‌ك رێكخراوی تیرۆریستی بووبن، ئه‌وا دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و سه‌ركوتكاریی به‌شار ئه‌سه‌د دژی راپه‌ڕینی گه‌لانی سووریا له دوای 2011، ئه‌وا داعش و قاعیده نه‌ك هه‌ر جیاوازن، به‌ڵكو سه‌رانی ئه‌لقاعیده، سه‌رانی داعش ره‌تده‌كه‌نه‌وه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه داعش‌یش قاعیده ره‌تده‌كاته‌وه. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه بوو كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مریكا، له‌دوای كه‌وتنی موسڵ و راگه‌یاندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌لایه‌ن داعشه‌وه، هه‌مان مامه‌ڵه‌ی قاعیده‌یان له‌گه‌ڵ داعش نهكردو وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی شه‌ڕ و ململانێی نێوان شیعه‌و سوننه سه‌یریان كرد، به‌ڵام كاتێك سه‌رانی تیرۆریستی داعش له خۆیان بایی بوون و په‌لاماری كوردستانیان دا‌و بۆ جیهانیان سه‌لماند كه ئه‌مانیش دژی هه‌موو مرۆڤایه‌تی و ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دیكه‌ن، ئه‌و كات ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ده‌ركرد و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش پێكهات و ئه‌مریكا هاته ناو شه‌ڕی دژی داعشه‌وه. داعش‌یش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه كه له‌دژی دروست ببوو، كه‌وته ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی دژی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا به‌شداربوون.
له ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعش بۆته شه‌ڕێكی جیهانی دژی تیرۆر و 68 ده‌وڵه‌ت له‌م شه‌ڕه‌دا به‌شدارن و شه‌ڕه‌كه‌ش به‌ره‌و كۆتایی و رووخاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، ده‌بێت هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ قۆناخی دوای نه‌مانی داعش، ئه‌و راستییه له‌به‌ر چاو بگرێت كه دروستبوونی قاعیده هاوشێوه‌ی دروستبوونی داعش نییه. ئه‌گه‌ر قاعیده وه‌ك ئاكامی پێكدادانی شارستانییه‌تی ئیسلام و كریستیان بخوێندرێته‌وه، ئه‌وا داعش ده‌بێت وه‌ك ئاكامی شه‌ڕ و ململانێی نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه‌ی ئیسلام بخوێندرێته‌وه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، له‌مه‌ش زیاتر پێویسته د‌رك به‌و راستییه بكرێت كه پێكدادانی مه‌زهه‌بگه‌رایی نێوان شیعه‌و سوننه زۆر له پێكدادانی شارستانییه‌تی ئیسلام و كریستیان ترسناكتره و هه‌روه‌ها ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌ی پێكدادانی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه و سوننه به‌رهه‌می ده‌هێنێت (داعش) زۆر له‌و رێكخراوه تیرۆریستییه ترسناكتره (ئه‌لقاعیده) كه پێكدادانی شارستانیه‌تی ئیسلام و كریستیان به‌رهه‌می ده‌هێنێت، له‌هه‌مانكاتیشدا كاردانه‌وه‌ی دروستبوونی رێكخراوێكی تیرۆریست و دڕنده‌ی وه‌ك داعش بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی به هه‌مان ئاست و خراپتریش رێكخراو و میلیشیای مه‌زهه‌بگه‌را له‌ناو شیعه‌شدا دروست ببن.
لێره‌وه ده‌كرێت راشكاوانه بڵێین:
ئه‌گه‌ر شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی ئه‌لقاعیده شه‌ڕی نێوان رێكخراوێكی تیرۆریستی و جیهانی ئازاد بووبێت، ئه‌وا شه‌ڕی دژی داعش شه‌ڕێكی ئایینی نێوان دوو مه‌زهه‌بی جیاوازی یه‌ك ئایینه و ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م شه‌ڕه په‌لی هاویشتووه بۆ شه‌ڕێكی دیكه كه ئێستا به‌شه‌ڕی تیرۆریستان و جیهانی ئازاد له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌مه‌ش زیاتر كاره تیرۆریستییه‌كانی داعش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی لقه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده له پاكستانه‌وه تا نه‌یجیریا هه‌بووه و به‌ته‌واوه‌تی داعش ئه‌لقاعیده‌ی بچووك كردۆته‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر ئامانجی شه‌ڕی دژی داعش له ریشه‌هه‌ڵكێشانی فیكری داعش بێت، ئه‌وا ده‌بێت به مانایه‌كی دیكه له ریشه‌هه‌ڵكێشانی شه‌ڕ و ململانێی نێوان شیعه‌و سوننه بێت. دیاره له ریشه‌هه‌ڵكێشانی شه‌ڕی ئایینییش وه‌ك ئه‌زموونی شه‌ڕی 30 ساڵه‌ی ئایینی له ئه‌وروپا پێمان ده‌ڵێت، ده‌بێت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌ژێر په‌رده‌ی ئاییندا بوونه ماكی ئه‌م شه‌ڕه دڕنده و خوێناوییه، گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت و له‌به‌ر رۆشنایی ئاكامی شه‌ڕه‌كه دووباره سنوور بۆ هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت دابنرێت و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌شی كه بوونه گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه به‌جۆرێك نه‌خشه‌كانیان دابڕێژدرێته‌وه كه ده‌وڵه‌تی غه‌یره ئایینی بن و هه‌روه‌ها گه‌ره‌نتییه‌كیش بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازانه دروستبكرێت كه ده‌وڵه‌تانی هۆكاری شه‌ڕه‌كه پێشتر نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر بنه‌مای گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان حوكمڕانی بكه‌ن.
بێگومان هه‌موو بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئیدی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش بوونی نامێنێت، به‌ڵام ئه‌و فیكره‌ی داعشی دروستكردووه وه‌ك به‌ره‌نجامی شه‌ڕ و ململانێی نێوان شیعه و سوننه بوونی هه‌ر ده‌مێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر میكانزمێكی جیاواز بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی شیعه‌و سوننه نه‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌وا ئاستی دوژمنایه‌تی و رق و كینه‌ی نێوان شیعه‌و سوننه گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه مه‌حاڵه جارێكی دیكه بتوانن پێكه‌وه بژین، له‌مه‌ش زیاتر له‌ماوه‌ی شه‌ڕی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا، شه‌ڕی شیعه دژی سوننه و شه‌ڕی سوننه دژی شیعه پیرۆز كراوه، بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا كه شیعه به حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت حه‌شدی موقه‌ده‌س و به‌شێكی سوننه‌ش له‌ده‌وری داعش كۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی تریشیان بێده‌نگییان به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه جارێكی دیكه هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی شیعه و سوننه له چوارچێوه‌ی یه‌ك وڵات‌دا كۆبكرێته‌وه، كارێكه وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی ژه‌هره بۆ خواردنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌م رێگه‌یه تاقی بكرێته‌وه، ئه‌وا زۆر نزیكه ئه‌مجاره‌یان شه‌ڕی نێوان شیعه‌و سونه له داعش خراپتر دروست بكاته‌وه.
له‌ناو ئه‌م هاوكێشه ئاڵۆزه‌ی دوای نه‌مانی داعش، كوردستان ئه‌و كیانهیه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌بۆته به‌شێك له شه‌ڕ و ململانێی شیعه و سوننه، كه‌چی هه‌ردوولایه‌نی شیعه‌و سوننه خۆیان به دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد‌و كوردستان ده‌زانن، بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی خه‌ریكه به‌ته‌واوه‌تی ده‌گه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی پارێزگاریكردن له ده‌وڵه‌تی دیفاكتۆی كوردستان و پشتگیریكردنی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، پرسێكه ناكرێت تێكه‌ڵاوی هیچ پرسێكی دیكه بكرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی بوونه‌ته فاكته‌ری دروستبوونی ئه‌م شه‌ڕه خوێناوی و پڕ كاولكارییه، شایه‌نی ئه‌وه نین به یه‌كگرتوویی بمێننه‌وه، ئه‌و نهتهوهیهشی وه‌ك گه‌لی كوردستان به‌رگری له مان و نه‌مانی خۆی كردووه و تیرۆریستانی تێكشاندووه، شایه‌نی ئه‌وه‌یه رێزی لێ بگیرێت و پشتگیری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی رابگه‌یه‌نێت.