مه‌سرور بارزانی: دوای 10 ساڵ له‌ جینۆسایدی خوشك و برایانی ئێزدی، بە هۆی خۆسەپێنیی میلیشا و چەکداری دەرەوەی یاسا، دۆخی شنگال ئاسایی نەبووەتەوە

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كانی شنگالدا، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شنگال، ده‌شڵێ: بە هۆی خۆسەپێنی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ی ئابی 2024، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵیادی هێرشی سه‌ر شنگال و جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتوانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.

سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان، سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی: هەرچەندە دە ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ، ئيش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن و بە هۆی خۆسەپێنیی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

مه‌سرور بارزانی ڕاشیده‌گه‌یه‌نێ: لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی لە ڕزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین و بەڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال وەکو خۆی دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

لە کۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕایگه‌یاندووه‌: سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

Back to top button