ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک وبەرپرسیارێتى میژوویى.

سامان ڕەشید
بڕیارى پەرلەمانى عیراق لەداگرتنى ئاڵاى کوردستان لە شارى کەرکوک رووى ڕاستەقینەى بەغداى بۆ ئەو لایەنانە هەڵماڵى کە هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کە دەسەڵاتدارى ئەمڕۆى بەغدا مافەکانى نەتەوەکەمان فەراهەم بکات.ئەم بڕیارەى پەرلەمانى عێڕاق ڕەنگە ئەمرۆ وەک بڕیار دەریانچووان بەڵام لەڕاستیدا بەغدا ئەو بڕیارەى لەکار وکردارەکانى پراکتیزە کردووە.
ئەوە بەغدا بوو سستى دەنواندن ونەیهیشت قۆناغەکانى ماددەى ١٤٠ دەستور جێبەجێ بکرێت،چونکە دەرئەنجامەکەى بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستانى بەدوادا دەهات. ئەرکى ئەنجوومەنى پارێزگا و ئیدارەى شارەکە تەنها لەو ڕۆڵبینینە میژووییە نابێت کورتبکرێتەوە کە لە ٢٨ى ئادار نواندیان لە بڕیاردانیان لەبەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان لەدامو دەزگاکانى شارەکە،بەڵکو پیویستە کۆمەڵێ هەنگاوى دیکە بەهاوێژن کە ئەوانەى لەبەغدان وبڕیارى داگرتنى ئاڵاى کوردستانیان دا نەک نەها توشى شۆکیان بەکات بەلکو پەشیمانیش بن لەم بڕیارەى ئەمڕۆیان.بۆیە پێویستە ئەنجوومەن وئیدارەى شارى کەرکوک لەبەرامبەر ئەم بڕیارەى بەغدا کۆمەڵێک بڕیار دەربچوێنن بەهەمان شێوەى بڕیارەکەى ٢٨ ئادار لەوانە…
١- – ڕەتکردنەوەى بڕیارەکەى پەرلەمان و بەهەمان شیوەى ئەوان بەزۆرینەوە.وتانەدان لەو بڕیارەى پەرلەمانى عێڕاق لە داداگاى فیدڕاڵى ونەتەوە یەکگرتووەکان.
٢- هەڵوەشاندنەوەى هەموو بڕیارەکاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆرشى بەعس (مجلس قيادة الثورة) کە پەیوەستن بەشارى کەرکوک.
٣- گەڕانەوەى هەموو ئاوارەکانى ئەو شارانەى کە ئازادکراون بۆ شارى بەغدا.
٤- پەرپەێدان وگرێبەستى نوێ و ئیدارەى کۆمپانیاى نەوتى باکور لەلایەن ئیدارە وئەنجوومەنەوە بێت.
٥- بەشدارى کردنى کەرکوک لەو ڕیفراندۆمەى کە هەرێمى کوردستان لەداهاتوودا ئەنجاى ئەدات.
٦- هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا کەرکوک لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێم بکرێت.
٧- بڕینى ئەو بڕەى لە (کارەبا ونەوت و غاز) ى کەرکوکەوە دەڕوات بۆ بەغدا،تا ئەو کاتەى بەغدا شایستە داراییەکان دەنێرێت. ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەرکێکى میژووییان لەسەرە و لەم ململانێیەدا پێویستە ئەو ئەرکە نەتەوایەتی ونیشتمانییەى کەلەئەستۆیانە وەک پیویست ئەنجامى بدەن بەمەش پشتگیرى و پاڵپشتى هەموو کوردستانیان بەدەست دەهینن و هەموو حزبە کوردستانییەکانیش پێویستە یارمەتى دەرى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بن لە هەنگاوەکانى داهاتوویان وبەپێچەوانەوە ئەگەر ئەنجوومەن هیچ هەنگاوێک نەگرێتەبەر ئەوە شکستى ئەنجوومەنەکە و پرۆژەى کوردە دەبێت لەم شارە.

 

Back to top button