یەكێتی ئەورووپا لە هەڕەشەكانی پەکەکە بۆ سەر خێزانەكانی پێشمەرگەی رۆژئاوا ئاگادار دەکرێتەوە
پێشمەرگەی رۆژئاوا، هێزێكی كوردانی رۆژئاوای كوردستانه، رۆڵێكی بهرچاویان له شهڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هێرشی نهیاران بۆ سهر ههرێمی كوردستان گێڕا
فەرهاد ئوسو، بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: “هەڕەشەكردن لە خێزانەكانی پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بابەتێكی تازە نییە، چونكە هەر ناوە ناوە هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ئیدارەی پەیەدەی سەر بە پەكەكە، لەژێر هەڕەشە و تۆقاندن لێپرسینەوە لەو خێزانانە دەكەن.“
گوتیشی: “ئەمە پێشێلكارییەكی روونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بە دڵنیاییشەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ی سەر بە پەكەکە و بەشەكانی، هێشتا بەردەوامن لە پێشێلكارییەكان دژ بە خەڵكی مەدەنی لەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایه و هەمان سیاسەتی رژێمی سووریاش پەیڕەو دەكەن.“
ئوسو جەختیشی كردەوە:“كادیر و ئەندامانی پەكەكە لەپاڵ ئەو كردەوانەن، ئەو سیاسەتەشیان خۆی لە تۆقاندنی خەڵكدا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی تاكڕەوانە فەرمانڕەوایی بكەن، زۆربەی ئەو سەركردانەی فەرمانڕەوایی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریاش دەكەن، كادیری پەكەكەن.“
روونیشی كردەوە: ”ئامانج لەو كردەوانەیان، رفاندنی هاووڵاتییانە، هەروەها فشار لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان بهێننە دی، ئەمەش دوای ئەو فشارەی لەم شەڕەی دوایی، كە پەكەكە رووبەڕووی بووەتەوە، كە تا ئێستاش لەسەر سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەگەڵ سوپای توركیا بەردەوامە.“
دووپاتی کردەوە: “ئێمە لە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بابەتی خێزانەكانی پێشمەرگەكانی رۆژئاوامان لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی یەكێتی ئەورووپا خستە بەرباس، دوپاتیشمان كردەوە، كە ئەوە یەكەم جار نییە هێزە ئەمنییەكانی سەر بە هەسەدە هەڕەشە لە خێزان و كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بكەن.“
ئاماژەی بۆ ئەوش كرد: ”ئەوان جەختیان كردەوە، نێردەی یەكێتیی ئەورووپا سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ سەركردایەتی هەسەدە و لەگەڵ ئیدارەی پەیەدەش لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پێشێلكارییانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان دژ بە مافە مەدەنییەكان رابگرن، لە ناویشیاندا هەڕەشەكردن لە خێزان و كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژئاوا.“