فوئاد حوسێن: هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ئارامی ئێزدییەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت لە سەرەتای هێرشەکانی داعش بۆ شنگال و ناوچەی ئێزیدی نشینەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ئێزدییەکان کردەوە و بووە پەناگەی ئارام بۆیان.
ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024، لە ئەڵمانیا رێوڕەسمێکدا لەبارەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە گوتەیەکدا، سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بەجینۆساید ناساندووە، گوتی: دە ساڵ پێش ئێستا داعش کەمپینێکی کۆمەڵکوژی دژی ئێزدیەکان ئەنجامدا و دەست درێژی کردە سەر شەرەفی مافی مرۆڤ و خاکی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق فرەچەشنە لەڕووی ئایین و بیر و باوەڕەکان و گوتی: لە کاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە، بەرگری و خۆڕاگری ئێزیدیەکانمان لەبیر دەمێنێت، هەوڵ دەدەین ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە.
ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ساڵی 2021 کرد کە تایبەتە بە دەرکردنی یاسا بۆ رزگاربووانی دەستی داعش و گوتی: ئامانج لەو یاسایە بکەرانی ئەو تاوانە دادگایی بکەن، حکومەتی عێراق کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بەجینۆساید ناساندووە، نزیکەی دوو هەزار منداڵ و ژن و پیاوی ئێزیدیەکان سوودمەنی یاسایەکانی عێراق بوون لە هاوکاری دارایی و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیزیدیەکان و رێکخراوەکان، حکومەتی عێراق دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەواو و شنگال کردووە، بودجەی بۆ تەرخان کردووە، هاوکات لێژنەی مرۆیی دروستکردووە بۆ گەڕان لە چارەنووسی ئەوانەی هێشتا لە دەستی داعش ماون.
فوئاد حوسێن گوتیشی، حکومەتی عێراقی هەستی بەو نادادپەروەرییە کردووە کە لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بەرامبەر ئیزیدیەکان کراوە لەسەر دەستی داعش و رژێمەکانی پێشووش، شەنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ستەمیان لێکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان شان بە شانی حکومەتی عیراق کار بۆ پاراستنی ئێزیدییەکان دەکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ هاوکاری کردنی ئێزدییەکان و گوتی: ئەڵمانیا هاوخەمی ئێزیدیەکان بووە و جینۆسایدی ئێزیدیەکانی ناساندووە و دانی پیێداناوە، هاوکات دانی بەو دڕندایەتیە ناوە کە بەرامبەر ئێزدییەکان کراوە، یاسایاکی دەکردووە بۆ ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەوانەی دەستیان لە تاوان دژی ئێزیدییەکان هەبووە، هاوکات ئەڵمانیا پەناگەیەکی ئارامی بۆ ئێزیدییەکان کردووەتەوە و خانەوادەکانی بەیەک گەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیشی لەباوەش گرتووە، ئێمەش لەگەڵ ئەڵمانیا دۆسییەی ئێزیدییەکان تاوتوێ دەکەین و کلتوور و مافی ئێزیدییەکان پارێزراو بێت، سەرۆکوەزیرانی عیراق بەڵێنی داوە هاوکاری دروستکردنی سەنتەرێکی تایبەت بە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دەدات لە ئەڵمانیا بە هاوبەشی حکومەتی ئەو وڵاتە.
لەکۆتاییشدا فوئاد حوسێن راشیگەیاند: بە هەوڵی پێشمەرگە و هاوپەیمانەکان خاکی خۆمان لە دەستی داعش رزگار کرد، دەمانەوێت ڕێگریی بکەین لە دووبارە بوونەوەی تاوانەکان دژی ئێزیدییەکان، هاوکات سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا و رێکخراوە نا حکومییەکان و وڵاتانی کرد بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی ئێزیدییەکان، داوای لە ئێزیدییەکانیش کرد هەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ هاتنە دی ئامانجەکانیان.