سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نەمسا لە عێراق دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئاندریا ناسی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق كرد.
لەو دیدارەدا باڵیۆزی نەمسا لە عێراق كورتەیەكی لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بەتایبەت لەبواری ئاكادیمی و هاوبەشیی زانكۆكانی هەردوولا و بواری ئابووری و بارزرگانی خستەڕوو. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ گەل و حكومەتی نەمسا هەبوو كە یارمەتیدەر و هاوسۆزی دۆزی گەلی كوردستان بوونە و داواشی كرد پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
هەر لەو دیدارەدا باس لەبارودۆخی سیاسیی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و چارەسەركردنی گرفتەكان كرا.
بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی شنگال و هۆكارەكاری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.