سالار رواندزی چۆن باسی تیرۆرکردنی کاروان عەلی شاماری کرد؟

سالار رواندزی باسی راستی تیرۆرکردنی کاروان عەلی شاماری دەکات کە سالێک لەمەوبەر وەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی تیرۆر کرا و دەڵێ: کاروان شامار گوتی تاهۆیەک تەقەی لێکردووین، بەڵام ئەو تاهۆیەی کاروان باسی دەکات لەگەڵ خۆمان بوو، دەشڵێ: لە چەكەكەم دوور نەكەوتمەوە، گومانم هەبوو، چونکە پیاوێكی ئێرانیمان لەگەڵدا بوو، لەگەڵ كەسێكی دیكە، من هەرگیز نەمدەناسین و نەمبینیبوون“

سالار رواندزی کە شەوی گیان لە دەستدامی کاروان عەلی شامار لەگەڵ کاروان بوو ، گومانی لە روداوەکە هەبوو و دەڵێت، نزیکەی دوو هەفتە لە هەولێر بووم، رۆژانە لەگەڵ کاروان عەلی شامار پەیوەندیمان هەبوو، پێی دەگوتم سەیدی کەی دەگەڕێیتەوە بیرت دەکەم؟ دوو رۆژ پێشتر جارێکی دیکە پەیوەندیی کردەوە و گوتم ئێستا لە سلێمانیم، بەڵام میوانم هەیە، ئەوە بوو کاتژمێر ٩:٣٠ ئەو شەوە پەیوەندیی کرد و گوتی خۆ ناڵێی بێ مەجالم، منیش پێم گوت میوانم هەیە، بەڵام بیانی نین و ئەتوانم بەجێیان بهێڵم، لە کوێ بیت دێم بۆ ئەوێ، پرسی بە تەنیا دێیت؟ گوتم بەڵێ پاسەوان ناهێنم، ئەویش گوتی لە سیتەک دەبم، ئەوەبوو کاتژمێر ١٠:١٠ خولەک لە تونێلی پێشڕەو تێپەڕیم، دیسان کاروان تەلەفۆنی کرد و پرسی لە کوێم، پێم گوت لە تونێل تێپەڕیوم، ئەویش گوتی لای چێشتخانەی هەڵشۆ یەک دەبینین، لەوێ چاوەڕێی دەکردم و یەکمان دیت، گوتی بێ پاسەوان هاتوویت یانی چی؟ گوتم متمانەم بە هاوڕێیەتیی تۆ هەیە، لە خوار چێشتخانەکە بازگەیەک هەیە، لەوێوە بۆ سەرەوە هەڵگەڕاین و یەکەم باخ بە دەستەچەپ لاماندا، باخی کوڕێکە بە ناوی ئازاد حاجی رەزا، کە خۆیشی لەوێ بوو.“

وەک ئەو فەرماندە و هاوڕێیەی كاروان عەلی شامار دەڵێ: ”جگە لە کاروانی عەلی شامار، کە من میوانی ئەو بووم، ئاوەڵزاواکەی بە ناوی کاروان، گۆران دووزی، ئازاد رەزا، پیاوێکی ئێرانییش لەوێ بوون، بەڵام یەکەم جار بوو ئەوان ببینم و پێشتر نەمناسیون، من لە هەموو جێگایەک حەزەر دەکەم، بۆیە دەمانچەیەکم پێ بوو لە حەدیقەکە دامنا، جگە لەوەش لە ئۆتۆمبێلەکەشم چەکی دیکە هەبوو، بۆیە نزیکی سەیارەکەم وەستام، تا چاودێریی جموجۆڵەکان بکەم، گومانم هەبوو نەک لەژێر فشاردا کاروان ناچار کرابێ من بهێنرێمە ئەو شوێنە، چونکە من و کاروانیش لەو کەسە ناڕازی و بێمنەتانەی نێو ناڕازییەکانی یەکێتین، کە بێ منەتین لە هەموو شتێک، دواتر کە زانیم هیچ نییە، چووم دانیشتم، دواتر کاروان، کە خەریکی خواردن ئامادەکردن بوو، پرسی لە ژوورەوە نان بخۆین یان دەرەوە؟ منیش پێم گوت هەوای ئێرە وەک هەوای شار پیس نییە، بۆیە دەرەوە خۆشترە، ئەوەبوو تا درەنگانێک دانیشتین و تەلەفۆنمان بۆ نزیکەی شەش بۆ حەوت کەس کرد و زۆرینەی کاتەکەمان بەوەوە بەڕێ کرد.“

هەروەها سالار رواندزی لە درێژەی گێرانەوەكەدا گوتی: ”بە جەماعەتم گوت درەنگە هەستین بڕۆینەوە، ئەوەبوو بوو بە کاتژمێر ٢:٢٠ بۆ ٢:٣٠ی بەرەبەیان، بە ئۆتۆمبێلەکەم لەگەڵ کاروان عەلی شامار لە باخەکە هاتینە دەرەوە و دوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکە لە ژوورەوە بوون، کە لە جۆری مارسیدس بوون و هی زاواکەی بوو، هەروەها جی ئێم سی، کە هی خاوەنی باخەکە بوو، دواتر ئەوانیش هاتن، کاروان گوتی سەیدی من دەبەیتەوە؟ گوتم بێگومان، ئینجا گوتی ئەگەر واش بکەی لە تونێلەکە هەر لە یەک دادەبڕێین، وەک بڵێی دڵی خەبەری دابێت شتێک روو دەدات، بۆیە دواتر گوتی من لەگەڵ ئاوەڵزاواکەم دەڕۆمەوە و میوانی منن، بۆیە دابەزی و لەگەڵ مارسیدسەکە لە لای تەنیشت دانیشت، لەنێو سەیارەکە گۆران دووزی و پیاوە ئێرانییەکە و ئاوەڵزاواکەی هەبوون، گوتی تۆ لەپێشمان بڕۆ و ئێمە بەدواتدا دێین، ئەوەبوو تا نزیکی تونێلەکە من بە هێواشی دەڕۆشتم و ئەوان بەدوامدا هاتن، بەڵام لەپڕ جی ئێم سییەکە بەخێراییەکی زۆر بەلامدا تێپەڕی و مارسیدسەکەش بە هەمان شێوە تێپەڕی، تەلەفۆنەکەم هەڵگرت تا تەلەفۆنیان بۆ بکەم، بەڵام شەبەکە نەبوو، بۆیە هەر بەیەکجاری دامخست کە لە تونێلەکە دەرچووم، ئەوانم دیت بە هەمان خێرایی بە دەستەڕاست جادەی هەواری شاریان بەرەو قەیوان گرتە بەر، منیش بە دەستەچەپ بەرەو دەباشان رۆیشتم، ئیدی بەیانیی کاتژمێر ٩:٠٠، کە بەخەبەر هاتم مۆبایلم کردەوە، زۆر جەرەسم بۆ هاتبوو، جەرەسم بۆ کرایەوە و پرسییان: سەلامەتیت؟ گوتم: بەڵێ بۆ؟ گوتیان شەوی رابردوو لەگەڵ رەحمەتی کاروان عەلی شامار بوویت؟ گوتم چی بووە؟ گوتیان وەرگەڕاوە و گیانی لەدەست داوە.“

ئەوەشی خستە روو، کە رێبوار عەلی شامار گوتوویەتی، لە نەخۆشخانە ئاوەڵزاواکەی کاروان باسی لەوە کردووە، گوایە تاهۆیەک تەقەی لێ کردوون، بەڵام من دەڵێم ئەو تاهۆیەی ئەو باسی دەکات لەگەڵ خۆمان بوو، ئەوەی دەیڵێت رەنگە بەهۆی پەشۆکانیەوە بێت، تا سەرقەبرانیش ئاوەڵزاواکەی و ئەوانی دیکەی لە مارسیدسەکە بوون لە نەخۆشخانە خەوێنرابوون، بەڵام دواتر دیارە سکاڵایان لەلایەن ماڵباتی شامارەوە لێ کراوە و بەند کراون.

Back to top button