بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەسەر مەترسی هەندێك ژمارە مۆبایل هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتیان دەكاتەوە، كە هەندێك ژمارە مۆبایلی وڵاتانی بیانی لە ڕێگەی وەتسئەپەوە بەناوی هەلی كارەوە نامە دەنێرن و لەگەڵ پێدانی كۆدێك دەست بەسەر مۆبایلەكەتدا دەگرن، داواش دەكەن وەڵامی ئەو جۆرە نامانە نەدرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 8ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئاگاداری هاووڵاتیان دەكاتەوە، كە ژمارەیەكی مۆبایلی وڵاتانی بیانی لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (وەستئەپ)ەوە بەناوی هەلی كار و قازانجكردن و كۆمپانیای بیانییەوە كورتەنامە بۆ هاووڵاتیان دەنێرن و لەگەڵیاندا كەونە پەیوەندی و داوای ژمارەی نهێنی (كۆد)ێك دەكەن و لەگەڵ پێدانی ئەو كۆدە، ڕاستەوخۆ دەست بەسەر سەرجەم هەژمارەكانتدا دەگرن، كە لەسەر ژمارەی مۆبایلەكەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داندراون، لەبەرانبەر گەڕانەوەی هەژمارەكانیشدا داوای بڕێكی زۆری پارە دەكەن.
ئاسایشی هەولێر لە مەترسی ئەو نامانە هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە و ڕایگەیاندووە: “داوا دەکەین بەهیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو جۆرە پەیوەندییانە مەدەنەوە و هەر (ژمارەیەکی نهێنی /کۆد)ێک، بۆ ژمارە مۆبایلەکەتان هات دەبێت بۆ کەس ڕەوان نەکرێت تاوەکوو هەژمارەکانتان پارێزراوبێت.”