وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان: بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین

لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایانگەیاندووە: بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لە شنگال، بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان (محەممەد – دروودی خوای لەسەر بێت) گوتوویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە رێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەیان هاتووە: یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەکی ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نییە، لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کە ھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.

Back to top button