حكومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

حكومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای لە وزەی خۆر بۆ گوندی گوندی ئێنەمسیدی سنووری ‌شارۆچكەی مێرگەسۆر دابین كرد. ئێستا 32 ماڵی گوندەكە‌ كارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی حەوت مانگە لە رێی وزەی خۆر كارەبای بۆ دانیشتووانی گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دابین كردووە، کە لە 32 ماڵ پێکهاتووە، و زۆر خۆشحاڵن بە پرۆژەکە و  بەباشترین خزمەتی دەزانن پێشكەشیان كرابێت، چونكە هەم كارەبای بەردەوامیان هەیە و هەمیش دۆستی ژینگەیە.

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەوبارەیەوە رایگەیاند، پێدانی كارەبا بە هەموو گوندەكان، ئەركی وەزارەتی كارەبای قورس كردووە و ئێستا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كار لەسەر بەرنامەیەك دەكات بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی تر كارەبا بۆ گوندەكان دابین بكەین، بە جێبەجێكردنی ئەم پلانە دەتوانین فشار لەسەر كارەبای نیشتمانی كەم بكەینەوە و كارەبای زیاتر بۆ شارەكان دابین بكەین.

پرۆژەی دانانی كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندەكان، یەكێكە لەو كارانەی ئێستە حكومەتی كوردستان جێبەجێی دەكات، هەر ماڵێك كارەبای بە وزەی خۆر بۆ دابین دەكات، بەشێوەی قیست پارەكەیان لێ وەردەگرێتەوە.

لە ئێستادا سیستمەکە بۆ گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دانراوە، و بە شەو هەشت ئەمپێر و رۆژیش 16 ئەمپێر كارەبا دابین دەكات، تێچووەكەی سێ هەزار و 100 دۆلارە، پارەكە حكومەت دابینی كردووە و بە قیست دانیشتووانی گوند دەیدەنەوە.

پرۆژەی وزەی پاكی كارەبا بە سوودوەرگرتن لە تیشكی خۆر لە گوندی ئێنەمسیدی قەزای مێرگەسۆر، بە گوژمەی 200 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ كراوە.

 

Back to top button