پۆلیسی سۆران: دوو ئافرەتمان بە تاوانی دزیكردن لە ناو بازاڕی سۆران دەستگیر كردووە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران ڕایدەگەیەنێت، كە لەناو بازاڕی سۆران دوو ئافرەتیان بە تاوانی دزیكردن دەستگیر كردووە و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان ڕاگیراون.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، كە ئاگادار كراونەتەوە لە دوو حالەتی دزیكردن لە ناو بازاڕی سۆران و “هێزەکانمان لە بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران و ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران دوای گەیشتنیان بۆ ناو بازاڕ دەرکەوت، کەوا دوو حالەتی دزیکردن ڕوویان داوە.”

ئاماژە بەوەش كراوە: “دوای تۆمارکردنی سکاڵا و ڕێکخستنی پەراوی لێکۆلینەوە، مەفرەزەی نەهێشتنی تاوانی سۆران دوای بەدواچوون و کۆکردنەوی زانیاری لە ڕێگەی کامیرای چاودێری، تواندرا لەهەمان کاتدا لەناو بازاڕی سۆران دوو ئافرەت دەستنیشان بکرێن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کران و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون.”

باسی لەوەش كردووە، كە ئەو دوو ئافرەتە پێشینەی دزیكردنیان لەناو بازاڕی سۆراندا هەبووە و چەندان تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە.

هەروەها لە بڵاوكراوەكەدا، پۆلیسی سۆران چوار ژەمارەی هێڵی گەرمی بۆ هاووڵاتیان بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: “بۆ هەر كێشە و گرفتێك پەیوەندی بەو ژمارانەوە بكەن (104 – 124- 134 – 144)، كە ژمارە تەلەفۆنەكانی ژووری كۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆرانە و پەیوەندیكردن پێیانەوە بە خۆڕاییە.”

Back to top button