پەكەكە، حیساب بۆ نووسراوی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی ناكات و بارەگاكانی داناخات
دوای ئەوەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، چەند پارتێكی پاشكۆی پەكەكەی هەڵوەشاندەوە كە بریتی بوون لە (پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی، پارتی بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی و تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كورستان، تەڤگەری ئازادی) لەگەڵ داواكاری داخستنی بارەگاكانیان و دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵەكانیانیان.
لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە، دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی نووسراوی فەرمییان ئاڕاسەی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان (تەڤگەری ئازادی) كردووە، کە باڵێکی سەر بە پەکەکەیە لە سلێمانی، بۆ ئەوەی بارەگاکانیان دابخەن، بەڵام بەرپرسانی تەڤگەری ئازادی پابەندی نووسراوەکەی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی نەبوون و ئامادە نەبوون بارەگاکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابخەن.
ماوەی چەند ساڵێکە رێکخستنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری سلێمانی، لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی یەکێتیدا چالاکی سیاسی و خۆپیشاندانی فراوان دەكەن و بەئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن، خەڵک پەیوەندی بە رێکخستنەکانی ئەو هێزە چەکدارەوە بکات، ئەمە جیا لەوەی بەئاشكرا كوڕ و كچی منداڵ و مێرمنداڵی ئەو ناوچانە دەڕفێنن، ئەو بەرنامە و سیاسەتە درێژخایەنەی پەکەکە وای کردووە، لە سلێمانی ڕەگی خۆیان دابکوتن و پێگەیان بەهێز بێ و هیچ حسابێک بۆ یەکێتی نەکەن. ئەمەش وایکردووە یەکێتی بەرامبەر بە پەکەکە لاواز بووە و ناتوانێت ئەو حیزبە کۆنتڕۆڵ بکات.
لە ئێستاشدا تەڤگەری ئازادی تەواوی رێکخستنەکانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن و رێگە نەدەن دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی بارەگاکانیان دابخەن. لەدوای دەرچوونی بڕیارەکەش، دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی بە نووسراوی فەرمی بەرپرسانی تەڤگەری ئازادییان ئاگادار کردووەتەوە بارەگاکانیان دابخەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری دانەخراون.