هەولێر دەبێتە سەرنج راکێشترین شار.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای دەکات، بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکەی، هەولێر دەبێتە سەرنج راکێشترین شار.
راگەیاندنی وەزارەتەکە بڵاویکردۆتەوە :” ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتی شەشەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش تایبەت بە ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتاییی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێری کرد.
هەر بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەو كۆبوونەوەیەدا رەشنووسی راپۆرتی كۆتایی ئامادەكراوی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر (2050) خرایەڕوو، تێیدا تەواوی لایەنەكانی شیكرانەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەكی دیکەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەت، سەرنجی خۆیان لەبارەی راپۆرتی كۆتایی بخەنەڕوو بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەكان بكرێتەوە و كاری جدیان لەسەر بكرێت، دواتر لە چەند مانگی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەک لە راگەیاندراوەکە هاتووە لە کۆبوونەوەکە ساسان عەونی گوتی: دوای دوو ساڵ كاركردن لە پرۆژەی هەمواركراوی ماستەرپلانی هەولێر، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەكەین و دوای چەند مانگێكی دیکە كارەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كۆتایییان دێت و هەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێكی نوێ و لە داهاتوودا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر لەژێر رۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەكرێن.
لە بەشێكی دیکەی قسەكانیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەنددارەكانی كرد لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كاریان لەو پرۆژەیەدا كردووە و بەشدارییەكی كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆژەكەدا كردووە.
هەروەها ستایشی ئاژانسی جایكا و حكومەتی ژاپۆنی كرد بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوكارییەكانیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و راوێژكاری و خول و چەندین بواری دیكەدا پێشكەشیان كردووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، بەرهەمی ئەو كارە زانستییەی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە ساڵانی داهاتوودا بە گەشەكردن و فراوانبوونی شاری هەولێر لەسەر هەموو ئاستەكاندا دیار دەبێت.