لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین چەند بڕیارێکی نوێ دەرچوو

لە نووسراوێکی فەرمیدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین دەڵێت: دەبێت لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بن و نابێت پزیشکی پسپۆر لە ڕۆژی ئێشکگری لە نەخۆشخانەی تایبەت یان نۆرینگەی تایبەت دەوام بکات، بەڵکو تەواوی ئێشکگری لە دەوامی حکومی دەبێت.

بەپێی نووسراوەکە کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕک کەوتووە تێدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆر و نیشتەجێی دێرین چەند بڕیارێکی دەرکرد و گشتاندنی پێ کردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: دەبێت پزیشکی پسپۆر و پزیشکی نیشتەجێی دێرین لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بن، هەروەها نابێت پزیشکی پسپۆر لە ڕۆژانی ئێشکگری لە نەخۆشخانەی تایبەت یان نۆرینگەی تایبەت دەوام بکات، بەڵکو تەواوی ئێشکگری لە دەوامی حکوومی دەبێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە: کە نابێت رۆژی ئێشکگری پزیشکی پسپۆر و پزیشکی نیشتەجێی دێرین بە شێوەی پەیوەندی (On Call) لە دەرەوەی نەخۆشخان بن و لەکاتی بوونی نەخۆش پەیوەندییان پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە بە بەردەوام لەناو نەخۆشخانە بن.

وەزارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەکارهێنانی ئامرازەکانی وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش و ڕاوێژکردن بە مۆبایل و هەر ئامرازێکی دیکە بە تەواوەتی قەدەغەیە، تەنیا پێویستە نەخۆش ڕاستەوخۆ پشکنین و چارە بکرێت بە ئامادەبوونی پزیشک.

ئەوەشی خستەڕوو، پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆ نییە ڕاوسەرنج و ڕاسپاردە و راوێژکاری بە تەلەفۆن لە پزیشکی ئێشکگر وەربگرێت، بەڵکو پێویستە ئامادە بێت لەلای نەخۆش.

Back to top button