یەكێتی، بەرپرسانی خۆی لە فەرمانگەکان ناچار دەكات ببنە كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان
یەكێتی، بەرپرسانی خۆی کە پێکدێن لە بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی ناچار دەكات ببنە كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان و ئەمەش ناڕەزاییەكی زۆری لەنێو گەنجانی هەژار و بێكاردا دروست بووە کە خاوەنی بڕوانامەن و دانەمەزراون.
دیسان یەکێتی دەستی بە پیلان و فێلێکی دیکە کردەوە و لە مەڵبەندەكانی یەكێتی لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین، سەرجەم بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سەر بە حیزبەكەیان ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێت فۆرمی كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان پڕ بكەنەوە، بەم هۆیەشەوە بەشێكی بەرچاوی بەرپرسانی حكومی یەكێتی ناویان وەك كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان هاتووەتەوە، لەنێویشیاندا هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەش هەن.
لای خۆشیەوە زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، هەر لەژێر ئەو فشارانەدا، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ناڕاستەوخۆ دانی بەوەدا ناوە كە لە لایەن یەكێتیدا راسپێردراوە بۆ پڕكردنەوەی فۆرم و نووسیوویەتی : ”بەهۆی ئەوەی ئێستا لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیدام، وەک ئەرک و واجبێک ڕاسپێردراوین بە پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ ئەوەی تەواجودمان هەبێت و دەورێکی ڕاستەوخۆمان هەبێت لە پڕۆسەکەدا، ئەمەش بە ئەرکێکی هەڤاڵانە دەبینین و پابەندین بە جێبەجێکردنیەوە.“
هاوکات عوسمان ههڵهبجهیی، چالاكوانە لە شاری ههڵهبجه لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێم وایە زیاتر لە پێنج جار ناوم وەک کارمەندی كۆمسیۆن دەرچووە، ڕەنگە هاوکار و ئەوانەی پێکەوە بووین بزانن چۆن داکۆکیم لە پاکیی هەڵبژاردنەکان و ڕێگەگرتن لە تەزویر کردووە. ئەوە دوو هەڵبژاردنە دەڵێن با ئەوانەی مووچەخۆر نین بەشدار بن و منیش وەک ئەوەی هەمیشە لە شەقام بووم و دژی گەندەڵیم، فۆرمم پڕ نەکردووەتەوە. دەستكەوتی مادیم بەلاوە ناوە و ڕێگەم بۆ خەڵکی تر چۆڵ کردووە.“
دەشڵێت: ”ئێستا ئەو بۆچوونەم بەلاوە هەڵەیە، چونکە ئێمە ڕێگەمان بۆ کەسانی دانەمەزراو و بێمووچە چۆڵ نەکردووە، بەڵکوو ساحەکە چۆڵ بووە بۆ کەسانێک کە سەر بەو حزبانەن، هەمیشە بە تەزویر و فڕوفێڵ کورسی بەدەست دەهێنن. وەک دەبینن کەسانێک ناویان دەرچووە ئەگەر نەفسنزمی نەبێت، مووچەکەی بەقەد سێ مامۆستایە و دەتوانێت نیوەشی پاشەکەوت بکات.“