پەرلەمانتار موهەیمن حەمەدانی: سەرۆک بارزانی پێی گوتین، کورد حەوت کورسیە نەک دوو، قەبولی ناکەین خولی یەکەم پارێزگار عەرەب بێت

موهەیمن حەمەدانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا ئاشکرای دەکات کە سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندوون، کورد حەوت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، نەک دوو کورسی، وەکو ئاماژیەک بۆ ژمارەی کورسیی پارتی و یەکێتی. هەروەها گوتوویەتی، “قبووڵی ناکەین خولی یەکەم پارێزگار عەرەب بێت و سازش لە مافەکانی کورد ناکەین”.

موهەیمن حەمەدانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “الاولی”ـی عێراقی، باسی لە سەردانێکی شاندێكی هاوبەشی هەردوو فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە بۆ لای سەرۆک بارزانی، كرد.

وەکو ئەوەی حەمەدانی باسی کرد، تەوەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی 04ـی ئابی 2024، لە بارەگای بارزانی کرا؛ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بووە.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک بارزانی زۆر ڕاشکاوانە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک قسەی کردووە، وەکو خۆی گوتی، “لە بەشێک لە ئەندامانی عەرەب ڕاشکاوانەتر” باسی بابەتەکەی کردووە.

حەمەدانی باسی لەوەش کرد، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، “دەبێت کەرکووک سیمبولی پێکەوەژیانی ئاشتی نێوان ئایین و نەتەوەکان بێت؛ هەندێک هەڵەی کورد و عەرەب هەن، دەبێت چاکبکرێنەوە و دەبێت یەک هاوپەیمانی پێکبهێندرێت”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا خەمیس خەنجەر، حەسەن تۆرهان، ئەرشەد ساڵحی، خۆی و ڕاکان جبووری قسەیان کردووە؛ کاتێک نۆرەی ئەو هاتووە قسە بکات، بە سەرۆک بارزانی گوتووە: “تۆ بەوە ناوسراوی کەسێکی دانا و حەکیمی لە چارەکردنی زۆرێک لە پرسە نیشتمانییەکان، بە تایبەت کەرکووک. بە من گوتراوە، پارێزگاری (کەرکووک) عەرەب دەبێت و ڕێککەوتن کراوە”.

حەمەدانی ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی قسەکانی تەواو کردووە، ڕاکان جبووری باسی لە ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە و بە سەرۆک بارزانی گوتووە: “جەنابی سەرۆک، شەش بەرامبەر دوو، ڕێک ناکەوێت، ئێمە شەش کورسین، خولی یەکەمی پارێزگاری کەرکووکمان دەوێت”.

وەکو ئەوەی حەمەدانی باسی کرد، سەرۆک بارزانی زۆر بە ڕاشکاوانە بەم شێوەیە وەڵامی داونەتەوە: “ئێمە دوو کورسی نین، بەڵکوو حەفت کورسین. ئێمە ئەمڕۆ وەکو نوێنەری کورد لەگەڵ ئێوە قسە دەکەین و و هەرگیز قبووڵی ناکەین لە خولی یەکەم پارێزگاری کەرکووک عەرەب بێت. لەم قۆناغەدا ئێمە سازش لە هیچ مافێکی کورد ناکەین”.

Back to top button