سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا دەكات

رۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستێڤ بیتنەر كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مارك سترۆ كونسوڵی گشتی پێشووی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كونسوڵی نوێی ئەمریكا هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا هەبوو لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەل و حكومەتی ئەمریكا كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە بە تایبەت لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ كوردستان لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 1991 و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003 و هەروەها یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.

Back to top button