وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عەرەب: لەگەڵ یەكێتی رێك کەوتووین كە ئاڵای كوردستان بەرز نەكرێتەوە

پەرلەمانتارێكی عەرەبی كەركووك كە هاوكات بە (میری قەبیلەی عوبێدە) خۆی دەناسێنێ، ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی ئاشكرا کرد و دەڵێت كە، “ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرز ناكرێتەوە و بەڵێنیش دراوە ئاسایش و پێشمەرگە بۆ كەركووك نەگەڕێتەوە و بەندكراوانی عەرەبیش لە زیندانەكانی سلێمانی ئازاد بكرێن.”

وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عەرەب لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (الاولی)ی عێراقی ئاشكرای كرد، ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی كردوویانە، عەرەبەكانی كەركووك كە ئەو بە خەڵكی كەركووك ناوی بردن، “دەیان ساڵە خەونیان بەم دەستكەوتانەوە دەبینی كە ئێمە قەزیەی نەتەوەیی تێپەڕێنین. لە 20 ساڵی رابردوودا بەردەوام كێشە لەنێوان كورد و توركمان و عەرەب هەبوو، ئێمە بەو رێككەوتنەمان توانیمان كەركووك لەم كێشەیەوە تێپەڕێنین و ئەمڕۆ كێشەی كەركووكمان خستۆتە لاوە و كەركووك چووەتە قۆناغی پرۆژەی سیاسییەوە.”

گوتیشی: “بە برایانم دەڵێم كە دۆسیەی ئەمنی وەك خۆی دەمێنێتەوە. بابەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش هیچ ترسی لەسەر نییە و ناگەڕێنەوە. ئاخۆ پارێزگاری كەركووك عەسای مووسای پێیە تاوەكو پێشمەرگە و ئاسایش بگەڕێنێتەوە؟ لە 2014 تا 2017 دۆسیەی ئەمنی لای كورد بوو، هەروەها لە 2017 تا دوێنێ كە رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری كەركووكی وەرگرت، خەڵكی ئێمەی عەرەب دەڵێن زۆر سوودمان لە هەموو دۆسیەكانی كەركووك وەرگرت.”

جەختیشی كردەوە: “راستە پارێزگار لە نەتەوەی كوردە، بەڵام لە هاوپەیمانێتییەكدایە و پاش ماوەیەكی تر ناوی هاوپەیمانێتییەكە رادەگەیەندرێت و من پێشنیارم كردووە ناوی بنرێت (هاوپەیمانی كەركووكی نیشتمانی) و ئەو هاوپەیمانییە نوێنەرایەتی كورد ناكات، نوێنەرایەتی هەموو كەركووك دەكات.”

ئەو سەركردە عەرەبەی كەركووك ستایشی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری یەكێتی دەكات و دەڵێت: “یەكێتی لە 2017 هەڵوێستێكی هەبوو كە هەموو عێراقییەكان شایەدی بۆ دەدەن! لە 2017ـەوە هەتا ئەمڕۆ یەكێتی تۆمەتبار دەكرێن لە لایەن حیزبە كوردییەكانەوە بەوەی یەكێتی كەركووكی فرۆشت و خیانەتی لە كەركووك كرد.”

گوتیشی: “یەكێتی هەڵوێستێكی هەیە كە سەلماندوویەتی وابەستەییەكی بەهێزی لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی فیدڕاڵی هەیە. پارتیش بەوە ناسراوە كە قەناعەتێكی ڕوون و ڕاشكاوی هەیە بە شەرعیەتی هێزە ئەمنییەكان لە كەركووك، عەقڵ و حیكمەت پێم دەڵێت لەگەڵ كامیان رێك بكەوم؟”

بە راشكاوانەش ئاماژەی بەوە دا: “ئەگەر ئێمە یەك لەحزە هەست بەوە بكەین كە یەكێتی هەمان ئەو سیاسەتەی پێشوو جێبەجێ دەكەن، یەك هەنگاوی لەگەڵ نانێین، بەڵام یەكێتی پێمان دەڵێ من بەشێكم لە عێراق و لەژێر ئاڵای عێراقم و هێزە ئەمنییەكان ئەو هێزانەن كە دەمپارێزن و دەسەڵات و پۆستەكەم دەپارێزن، ئەگەر رۆژێك بینیتان ئاسایش و پێشمەرگە دەهێنین هەقی خۆتانە، تەنانەت رێكکەوتووین كە ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرز ناكرێتەوە. هەروەها هەموو بەندكراوان لە بەندیخانەكانی سلێمانی ئازاد دەكرێن و هەر كەسێك ناوێك دەزانێت لە بەندیخانەكانی سلێمانی، با پێمان بڵێت رۆژی دواتر بەدوایدا دەچین و ئازاد دەكرێت.”

Back to top button