پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی ستراتیژی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیێنێت ، كابینەی نۆیەم به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی هەرێمی کوردستانی کردووە‌ و سەرۆکوەزیران باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژیی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان.

لە لێدوانێکدا پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند : “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌دا سه‌لماندی كه‌ كابینه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ و خزمه‌تكاری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌بێ جیاوازی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژی ئه‌نجام دراون”.

گوتیشی: جیاوازی ئەم کابینەیە ئەوەیە کە روانین و دونیابینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە‌، باوه‌ڕی به‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژیی و بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستان.

جەختی لەوە شکردووەتەوە: کابینەی نۆیەم به ‌ئیمكانیه‌ت و توانایه‌كی ماددیی زۆر كه‌م وێڕای هه‌موو فشاره‌كان، جێده‌ستی دیاره‌ و له ‌زۆربه‌ی بواره‌كان توانیویەتی خزمه‌تی گه‌وره‌ و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات، کە له‌ مه‌ودوایه‌كی دوورودرێژ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.

هەورامانی، باسی لە سەردان و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە بۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و دەڵێ: “ئه‌م به‌ده‌مه‌وه‌هاتنه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و خه‌ڵكیش ئێستا ئه‌وه‌یان بۆ روون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی خه‌ڵك مانای چییه‌”.

هەورەها پێشه‌وا هه‌ورامانی ئه‌وه‌شی خستە ڕوو: گۆڕانكاریی زۆر گه‌وره‌ روویان داوه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌م كابینه‌یه‌دا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان زۆر دیاره‌ و ئه‌م كابینه‌یه‌ش توانی بۆ یه‌كه‌م جار سیاسه‌تی ئاو دابڕێژێت، هەروەها له ‌بابه‌تی خۆراك زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان گرفتی سایلۆیان نه‌ماوه و‌ به‌رهه‌می جووتیاران كاری له‌سه‌ر كراوه‌.

دەشڵێت:” رێژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌م كابینه‌یەدا‌ زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و پیشه‌سازی یه‌كێك بووه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌، کە فۆكسی زیاتر له‌سه‌ر كارگه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ بواری كشتوكاڵی و پیشه‌سازی بووه‌، فۆكسی ئه‌م كابینه‌یه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره‌ نه‌بووه،‌ له ‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان وه‌به‌رهێنانی كردووه‌.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا پێشەوا هەورامانی رایگەیاند: له‌ناو ئه‌و هه‌موو فشار و نه‌بوونی پاره‌ و ئه‌و گوشاره‌ی كراوه‌ له‌م كابینه‌یه‌، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ هێزێک به‌رگه‌ی بگرێت، به‌ڵام به‌رگه‌ی گرت و به‌ بەهێزییە‌وه‌ مایه‌وه‌ و به‌م فشارانه‌شه‌وه‌ توانی خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكات و‌ زۆربه‌ی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێ كراون و سه‌رۆكوه‌زیران به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ له ‌ماوه‌ی خولی كابینه‌ی حكومه‌تدا توانی ئه‌و به‌ڵێنەی به‌ خه‌ڵكی دابوو، جێبه‌جێی بكات.

Back to top button