وەزارەتی تەندروستی گشتاندنێک لەبارەی ئاوڵەی مەیموون دەردەکات

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێک لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بە نووسراوی ژمارەی 19287 و بە ئیمزای سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێک ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ و کۆیە کراوە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن و چارەکردن و پێدانی ڕێنمایی بۆ نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون و تێدا هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون کە نەخۆشییەکی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە پەیڕەوکردنی گشت ڕێکارەکانی ئامادەکاری و خۆپارێزی بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ئەو نەخۆشییە.

لە گشتاندنەکە هەروەها ، زانیاری پێویستی لەبارەی ئەو نەخۆشییە خستووەتەڕوو، هاوکات شێوازی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی نەخۆش و بەرکەوتنەکان و چاودێریکردنی ئەو کارمەندە تەندروستییانەی کە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ نەخۆشییەکە، ڕوون کردووەتەوە و ڕێنمایی پێویستی داناوە.

Back to top button