سەعید هەرکی: کوڕانی تاڵەبانی قودسەکەی خۆیان هەرزانفرۆش کرد

ئه‌ندامێكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت، کوڕانی تاڵەبانی رۆژێک بە 16ی ئۆکتۆبەر و رۆژێک بە رێککەوتن لەگەڵ عەرەبی شۆڤێنی، لەسەر حیسابی کورد تەخشان پەخشان بە پۆستەکانی کەرکووکەوە دەکەن و شارەکەیان هه‌رزانفرۆش کردووە.

سه‌عید هه‌ركی ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه‌ و سازشی له‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك هه‌ست و رۆشنبیری كوردایه‌تی هه‌بێت، واقیع و كوردستانییه‌تی كه‌ركووك ده‌زانێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا كه‌سانێكی هه‌رزه‌، هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كه‌ فڕیان به‌ سیاسه‌تەوە نییه‌.

ئه‌و پەرلەمانتارە گوتیشی، سەرانی پێشووی ئەو حیزبە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە كه‌ركووك “قودس”ی كوردستانە، به‌ڵام كوڕانی تاڵەبانی نه‌ك كه‌ركووك به‌ قودسی كوردستان نازانن، بگره‌ وه‌ك پشیله‌ چۆن خۆی بۆ مشك داده‌نووسێنێت، ئه‌و جووته‌ برایه‌ ئاوا خۆیان بۆ كه‌ركووك دانوساندووه‌.

ئاشکراشی کرد، کوڕانی تاڵەبانی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان، رۆژێك 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌كه‌ن و رۆژێك رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی شۆڤێنی ده‌كه‌ن و حكومه‌تی خۆجێی پێكده‌هێنن، كورد له‌ كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركووك راده‌ماڵن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركووك بكه‌ن، رۆژ به‌رۆژ كه‌ركووك هه‌رزانفرۆش ده‌كه‌ن، و هێنده‌ی نه‌ماوه‌ شارەکە، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م جووته‌ كوڕه‌، هیچ مۆركێكی كوردستانی پێوه‌ نه‌مێنێت.

Back to top button