کەناڵی Zoom Tv نزیك لە لاهور جەنگی لەفەیسبووک سڕایەوە

كەناڵی (زووم)ی نزیك لە لاهور جەنگی كە لە سلێمانی كار دەكات، لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە: ”کاتژمێر 9:38 خولەکى بەیانى رۆژى 22ـى ئابى 2024، پەڕەى سەرەکیی کەناڵى ئاسمانیی زووم لە فەیسبووک داخرا. تیمى تەکنیکىی کەناڵ دواى بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا مێتا، بۆی روون بووەوە كە هۆکارى داخستنى پەڕەکە، هێرشى ئەلیکترۆنییە. ئەمەش جارى دووەمە هێرشێکى لەم شێوەیە دەکرێتە سەر لاپەڕەى فەرمیی دامەزراوەکەمان.“

ئەوەشی ئاشكرا كراوە كە تیمى تەکنیکیی كەناڵەكەیان، ”سەرچاوەی هەردوو هێرشەکەى دەستنیشان کردووە، لەڕێی ئەم ئیمەیڵەوە (kurdishcopyright@gmail.com) ئەنجام دراوە، کە خاوەندارییەکەی لێی نووسراوە، کەناڵ8. هێرشی یەکەم بۆ سەر پەڕەى فەرمیی کەناڵی ئاسمانیی زووم، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئەنجام درا، ئەوکات بە هەمان ئیمەڵ نزیکەی لە 10 جار هێرش کرایە سەر پەڕەکەمان.“

ئەو كەناڵەی سلێمانی ئاشكرای كرد: ”ئەم هێرشە رێکخراوە ئەلیکترۆنییە وەک هەوڵێک بۆ کپکردنى دەنگى ئازاد و بەرتەسکردنەوەى کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان دەبینین، گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق، هەرێمى کوردستان، باڵیۆزخانە، کونسوڵ و نوێنەرایەتییەکان لە پێشێڵکارییەکان بەرامبەرمان ئاگادار دەكەینەوە و داوایان لێدەکەین پاڵپشتى دەنگى ئازاد بن.“

هەروەك داوای لەو لایەنانە كردووە كە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانى سلێمانی (كە كەناڵەكە بە دەسەڵاتدارانی هەرێمى کوردستان ناوی بردوون)، ”رێز لە کارى رۆژنامەوانیی ئازاد بگرن و چیدیکە رێگە نەدرێت رۆژنامەنووس دەستگیر بکرێت و ئەشکەنجە بدرێت، چیدیکە هێرشی ئەلیکترۆنى نەکرێتە سەر دامەزراوەکان.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە سێ ڕۆژیش لەمەوبەر، هەمان كەناڵ، ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوچەی هەورامان، هێرشیان كردۆتە سەر كچە پەیامنێرێكیان بە ناوی (ئەڤین عەتا) و ئەشكەنجەیان داوە و لە چەند شوێنێك ئازاری دەستیان داوە.

Back to top button