سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات
ئهمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئابی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ کێڤن لێیهی فەرماندەی گشتی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا و هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و تیرۆر تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان دووپاتکردەوە.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان، جەختی لە گرنگیی هاوبەشی و بەهاداری خەباتی پێکەوەیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە.
پێشکەوتنەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.