سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان دەکات
ئهمڕۆ شەممە 24ی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی هاوکاری و پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەربڕی.
بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتی ئەوروپا، جەختی لە بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکانیان و درێژەدان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگی بەشداری چاودێرانی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی کرا، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری بەڕێوە بچێت.