ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز: عێراق بە مەبەست نایەوێت نەوتی ھەرێمی کوردستان هەناردە بكرێتەوە

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و غاز لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق بەردەوام رێگری دەکات لە دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی كوردستان دەست پێبکاتەوە هەرچەندە پێویستییەکی زۆریشی بە داهاتی نەوتی ھەرێمی کوردستانە.

د.سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق سەربە فراکسیۆنی پارتی، رایگەیاند، عێراق خەمساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و دەیەوێ تەنیا نەوتی ناوچەكانی دیكەی عێراق بڕواتە دەرەوە.

ئاشکرای کرد: ”عێراق ئێستا تەنیا لە رێگەی بەسڕا نەوت دەفرۆشێت و نایەوێت 400 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوەی بکات، بەڵام لە ڕاستیدا نابێت ھیچ وڵاتێک تەنیا پشت بە یەک ڕێگای ھەناردەکردنی نەوت ببەستێت، ئەویش تەنیا لە ڕێگەی بەسڕاوە بێت، پێویستە لە ڕێگەی تورکیاش دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک ھەبێت ڕێگای دیکەمان ھەبێت، بۆیە عێراق بەئەنقەست ئەوە دوا دەخات و پێیان خۆش نییە دەست بە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بكرێتەوە.“

روونیشیکردەوە، بەپێی یاسای بودجە، دەبێت عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، لەسەر ئەو پرسە کێشەی گەورە لەنێوان عێراق و رێکخراوی (ئۆپیک)دا ھەیە، بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نیە کە بۆی دیاری کراوە کەم بکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان دەڵێن: ”نابێت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتر بێت لە عێراق“ چونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق چوار ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیلی رۆژانەیە، ئەمە سەرووی ئەو رێژەیەیە بۆ عێراق دیاریکراوە و ملیۆنێک بەرمیل زیادە کە عێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکار دێنێت بۆ بەنزین و سووتەمەنی دیکە، بۆیە گرنگە بەھۆی ئەو بڕیارەوە بەرھەمھێنان کەم بکاتەوە، ھەر بۆیەش عێراق خەمساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە.“

Back to top button