وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی كەناڵێك و چەندان پەیج و كاندید دەداتەوە و ڕایگەیاندووە: دەستکراوە بە بڵاوکردنەوەی چەند داتا و زانیارییەکی ناڕاست و چەواشەکارانە، كە گوایە بە فشاری بەغدا ئەم مانگە ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمووز لابراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادکراون.
ئەمڕۆ شەممە 24ی 8ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە: “(پەتی درۆ كورتە ) لە لایەن کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) و چەند پەیج و کاندید و بەناو چالاکوانێکەوە، دەستکراوە بە بڵاوکردنەوەی چەند داتا و زانیارییەکی ناڕاست و چەواشەکارانە، كە گوایە بە فشاری بەغداد ئەم مانگە ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمووز لابراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادکراون.”
بەڕێوەبەرایەتیی ژمێركاری ڕاشیگەیاندووە: بۆ ڕای گشتی و سەرجەم ڕاگەیاندن و میدیای کوردستان ڕوون دەکەینەوە: “زیادکردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە، لە ڕاستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمووز بەم جۆرەیە، کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە 1 ملیۆن و 100 و 32 هەزار و 390 كەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە 1 ملیۆن و 100 و 32 هەزار و 967 كەس، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینی تەمویلی بۆ خەرج کردوون، ئەمەش دەریدەخات، کە لیستی مووچەی مانگی تەمووز (7)، کە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (577) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.”
ئاماژەی بەوەش كردووە: “تەمویلی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز (7) دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێ دەرکردنی بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، کە بڕەکەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە، بریتییە لە 956 ملیار و 876 ملیۆن دینار، کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی ڕابردووە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینی تەمویلەکەی خەرج کردووە.”
باسی لەوەش كردووە، “لەکاتی دووبارەبوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات، کە ڕووبەڕووی دادگاییکردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک، کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە.”